وریاكردنەوە سەبارەت بە مەترسی جگەرەكێشان شتێكی نوێ نییە، لەسەر پاكەتی هەموو جۆرەكانی نووسراوە هۆكاری سەرەكیی شێرپەنجەی سی و كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێنە، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، جگە لەو دوو زیانە چیتر هەیە؟
توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن كە جگەرە زیانی بۆ تەندروستی مێشك و دروونیش هەیە، ئەو كار دەكاتە سەر تەندروستی چەندان ئەندامی لەش، لەوانە ئەندامەكانی زاوزێ، وەك كێشە لە رەقبوونی ئەندامی نێرینە و دروستكردنی هیڵكە لە ژن، تەندروستی دەم و ددان و لێو و پێست و قژ و پەنجە و نێوان چاوەكان و هیتریش.
جگەرەكێشان دەبێتە هۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ ئەندامی نێرینە و كێشە بۆ رەقبوونی دروست دەبێت
جگەرە زیانی بۆ سییەكان هەیە و لەكاتی هەڵمژینی دووكەڵەكەی، غازی ژەهراوی و گەردیلەی قەتران دەچێتە ناویان، بە تێپەڕبوونی كات ئەو مادە كیمیاییانە دەبنە هۆی تێكچوونی سییەكان و مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجە و هەوكردن و هەناسەتەنگی و هەوكردنی بۆرییەكانی هەناسە زیاد دەكەن.
جگەرە دەبێتە هۆی دروستبوونی كەموكوڕی لە گواستنەوەی خوێنی پڕ ئۆكسجین بۆ بەشەكانی لەش، لەوانە تەسكبوونەوەی لوولەكانی خوێن و كێشەی خوێنبەری تاجی و دڵەنۆرە و سەكتەی مێشك، هەرچی كۆئەندامی زاوزێیە، لە پیاوان جگەرەكێشان دەبێتە هۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ ئەندامی نێرینە، بەوەیش كێشەی رەقبوونی دروست دەبێت، هەرچی بۆ ژنە، زیان بەو مادە لینجە دەگەیەنێت كە لە ملی منداڵدان هەیە و كێشە بۆ كەناڵی ڤالووب دروست دەكات، بەوەیش مەترسی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان زیاتر دەكات.
جگەرەكێشان دەبێتە هۆی زەردهەڵگەڕانی ددان، جیا لەوە ئەوان ماوەیەكی دوورودرێژ دەیكێشن، تووشی كێشەی پووك و بۆنی ناخۆشی دەم و وەرین و لەدەستدانی ددان دەبنەوە، هەروەها زیانی بۆ پێستی دەموچاو هەیە و زیان لە كۆلاجین و ئیلاستین دەگەیەنێت و لۆچ لە دەوری چاو دروست دەكات و زیان بە لوولەكانی خوێنی دەوروبەری چاو دەگەیەنێت.
دەبێتە هۆی دروستبوونی لۆچ لە دەوروبەری لێوەكان، بەتایبەتی بۆ ژن، بەگشتی رووخسارێكی گرژ بەو كەسە دەبەخشێت، رەنگی پێست و پەنجە و نینۆك دەگۆڕێت، هەرچی قژە، لاواز دەبێت و ئەوان زووتر تووشی قژ رووتانەوە دەبن، پێستیان زووتر تووشی لۆچ دەبێت و پەڵە لەسەر پێستی دەموچاو و پشتی دەست دەردەكەوێت و رەنگیان دەگۆڕێت.