له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خۆپێشاندانه‌كانی ئێران، عه‌لی كه‌ریمی ئه‌ستێره‌ی تۆپی پێی ئه‌و وڵاته، یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی پاڵپشتی له خۆپێشاندان كردووه و دژی حكوومه‌تی ئێران هه‌ڵوێستی هه‌بووه، بۆیه حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌یه‌وێ به توندی سزای بدات.
ئاژانسی فارس كه سه‌ربه سوپای پاسدارانی ئێرانه بڵاوی كرده‌وه، دۆسیه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه بۆ عه‌لی كه‌ریمی كراوه‌ته‌وه و پێی وایه كه‌ریمی ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و كرده‌وانه‌ی بگیرێت، ته‌نانه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر ماڵ و موڵكیدا بگیرێت.
سه‌رچاوه‌كه به پێویستی زانیوه له رێی پۆلیسی ئینته‌رپۆله‌وه، هه‌وڵ بدرێت كه‌ریمی بگیرێت و راده‌ستی ئێران بكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه‌ریمی له ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه.
پێویسته ڤێلاكانی كه‌ریمی له ئێران دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن، بفرۆشرێن و به هۆیه‌وه قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه بكرێته‌وه
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه كراوه پێویسته ڤێلاكانی كه‌ریمی له ئێران دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن، بفرۆشرێن و به هۆیه‌وه قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه بكرێته‌وه كه به سامانی گشتی كه‌وتووه.
كه‌ریمی به‌وه تۆمه‌تبار كراوه له‌و خۆپێشاندانانه‌دا رۆڵی لیده‌ر و رێبه‌ر ده‌گێڕێت، بۆیه‌ش ده‌بێت هه‌رچۆنێك بێت پێشی بگیرێت و ته‌نانه‌ت سزاش بدرێت.
عه‌لی كه‌ریمی، یه‌كێكه له باشترین یاریزانه‌كانی تۆپی پێی ئێران له ساڵانی رابردوودا، له 2004 خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی ئاسیای وه‌رگرت، هه‌روه‌ها له خولی ئه‌ڵمانیا له بایرن میونشن و شاڵكێ یاریی كردووه.
جێی باسه له‌و خۆپێشاندانانه‌ی ئێران به پێچه‌وانه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی ساڵه‌كانی رابردوو، زۆرترین ئه‌ستێره‌ی سینه‌ما و هونه‌ر و وه‌رزش و كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كان، پاڵپشتییان له خه‌ڵك كردووه و له هه‌ژماره‌كانی خۆیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆڵی كارایان گێڕاوه.
ژینا "مه‌هسا" ئه‌مینی كه خه‌ڵكی سه‌قز بوو، له 13ی ئه‌یلوول له‌گه‌ڵ براكه‌ی بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزمانی سه‌ردانی تارانی كردبوو، به‌ڵام له نزیك میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب به پاساوی جێبه‌جێنه‌كردنی رێساكانی باڵاپۆشی، ده‌گیرێت و سه‌عاتێك دوای گیران به بێهۆشی ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و دوای سێ رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات. ده‌گوترێ ژینا له كاتی گواستنه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئاداب له رێ له سه‌ری دراوه، بۆیه تووشی ئه‌و دۆخه ناله‌باره بووه.
رۆژی شه‌موو 17ی مانگ به به‌شداریی هه‌زاران كه‌س له دانیشتووانی سه‌قز، ته‌رمی ژینا به‌خاك سپێرا. رۆژی دووشه‌م 19ی مانگ مانگرتنی گشتی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه چوو و له‌و كاته‌وه تا ئه‌م ساته‌ش خۆپێشاندان له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران درێژه‌ی هه‌بووه و به‌تایبه‌ت له دوای ئێواران گه‌رموگوڕتر بوون.