ئازیز لە تیك تۆك پیاوێكی ناسی و خۆی و زێڕەكانیشی دۆڕاند

:: PM:04:25:25/09/2022 ‌

ژنێک لە یەکێک لە شارۆکەکانی سەربە پارێزگای هەولێر لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی "تیک تۆک"ەوە پیاوێک دەناسێت كە پیشەی دووکاندارە و بە ناردنی چەند مسقاڵ ئاڵتونێك دەیخاتە داوی خۆیەوە، بەڵام دوای چەند مانگێك ژنەكە هۆگری دەبێت و دەکەوێتە خیانەتێکی گەورە و ئاڵتونەکانیشی لەدەست دەچێت.

"ئازیز" ناوی خوازراوی ئەو ژنە تەمەن 35 ساڵەیە کە ماوەی شەش مانگە وەک خۆی بە"وشە" دەڵێ، "بەهۆی ناسینی کەسێک لە ڕێی تیک تۆکەوە ژیانی بەرەو وێرانی دەچێت". دان بەوەشدا دەنێت كە هەر خۆی نا، بگرە خەریکە خوشکە بچووکەکەیشی لەگەڵ خۆی دەباتە ئاقارێکی خراپ. 

چیرۆکە لەوە دەستی پێ کردووە كە ئازیز لە تیک تۆک ئەو پیاوە لە سلێمانی دەناسێت کە خۆی وەك خاوەنی زێڕەنگر پێ ناساندووە، دوای ئەوەی لەبارەی چاککردنەوەی زێر و گۆڕینەوەی مۆدێلی کۆن بە نوێ گفتوگۆ دەكەن، ئازیز بڕیار دەدات شەش تاک بازن و تاقمێکی زێری بۆ بنێرێت بە تەکسیەكدا و دوای هەفتەیەک بە شێوازێكی نوێ زێرەکانی وەربگرێتەوە، بەڵام ئەم جارە قەدری زێڕ لای زێڕنگر نییە. چۆن؟

هەفتەكە دەبێتە مانگێک و هەر جارەو بە هۆکارێک ئەو پیاوە بەناو زێڕنگرە زێرەکان نانێرێتەوە بۆ ئازیز. تا رۆژێك دەڵێ، "خۆم دێمە هەولێر و زێرەکانیشت بە نوێی و نەخشە دڵخوازەكانتەوە بۆ دێنمەوە" ئازیز وای گوت.

زێرەکان ناگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکەی و زۆر شتی تریش لە دەست دەدات، ئازیز كە خاوەن هاوسەر و دوو منداڵە، باسی هاتنی پیاوی تیک تۆکچی و دووکاندار دەکات كە گەیشتووەتە لای وا رێككەوتوون کە بیباتە ماڵەوە و بەهۆی ئەوەی پیاوەکەی لە ماڵ نەبووە، بەڵام بەقسەی خۆی، دەڵێ بۆ ئەوەم بوو كەس لە دەرەوە نەمانبینێت و پیاوەكەم بەو ئاڵوگۆڕی زێڕە نەزانێ.

بەڵام چیرۆكەكە لێرە کۆتایی نایەت و هەر لەناو ماڵی ئازیز سێکس لەگەڵ دوكاندارە قۆڵبڕەكە روو دەدات و تا ئەوكاتەیش هەر نەیناسیوە، بۆیە جارێكی تریش كابرا دەیخەڵەتێنیت و كە تێر دەبێت لە هەموو شت، دەڵێ، "جاری داهاتوو زێرەکانت بۆ دەهێنمەوە، ئێستە بیرم چووە".

دوای مانگێک دووبارە پیاوە تیک تۆکچیەکە دێتەوە و هەموو شتێک دووبارە دەبێتەوە لە نێوانیاندا و هەمان سیناریۆ جێبەجێ دەكات و ئەمجارەش دەڵێ بیرم چووە و ئازیز باوەڕی كردووە. 

ئازیز کە باسی ئەم قسانەی دەکرد، لەبەر خۆیشیەوە دەیگوت، خەتا خۆمە، ئاخر چۆن دەبێت لە تیک تۆک باوەڕ بە پیاوی نەناسراو بکەیت. بەڵام دوای چی؟ تازە كار لەكار ترازاوە و هەموو شت لەدەست چووە. ئازیزیش دڵنیا بووە كە زێڕەكەیشی خوراوە و كابرا ساختەچی بووە.

ئێستە کە شەش مانگە ئازیز لەم دۆخەدایە و زەردی كڕیوە لەباتی زێڕ بۆ چاوبەستی پیاوەكەی خۆی، كابرای بەناو زێڕنگر تەماحی لە ئاڵتونی خوشکەکەیشی داوە و هەڕەشەی ئەوە دەكات "ئەگەر بۆی نەبات، راستییەكان بە مێردەكەی دەڵێ".

ئازیز ناشارێتەوە كە سەردانی چەند شێخێكیشی كردووە بۆ دوعا تا لەو موسیبەتە دەربچێت، چونكە وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، "مێردەكەم بزانێت تەڵاقم دەدات و ژیانم تێک دەچێت و لە منداڵەکانم دادەبڕێ". هاوكات تا ئێستە دڵنیایە كە زێڕی خوشكەكەی نادات بەو كابرایە و بەتەمای خوا و دوعات رۆژ دەژمێرێ.

رەنگە رۆژانە لەم حاڵەتانە لە كۆمەڵگەی كوردیدا روو بدەن، بەڵام ژنان بەهۆی ئاشكرا نەبوونیان داودەزگای پێوەندار ئاگەدار ناكەنەوە و بە تەنیا دەناڵێنن.

ئاری رەفیق یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بە"وشە"ی گوت، تەنیا لەمساڵدا %40ی ئەو سکاڵایانەی لە كوردستان تۆمار كراون و هێڵی گەرمی 119 بەدەمیانەوە چووە، تاوانی ئەلیکترۆنین.

بەگوتەی ئاری، ئەمە ڕێژەیەکی "زۆر مەترسیدارە" و پێشبینی بەرزبوونەوەی دەكرێ. 

بەگوێرەی بەدواداچوونەكەی "وشە" فەرمانگەكانی كوردستان ئامێری ناسینەوەی شوێن و پێگەی ئەو كەسانەیان ژن فریو دەدەن و ناوی خوزاراو یان ئەكاونتی فەیك بەكار دێنن. بەڵام دەتوانن بە سكاڵای یاسایی كەسەكە راپێچی دادگا و پۆلیس بكەن و زۆر كێشەیان بە شاراوەیی چارەسەر كردووە.


وشە - تایبه‌ت