دابەزینێكی تر لە نرخی زێڕ تۆمار كرا

:: AM:09:40:26/09/2022 ‌
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا دابەزینێكی تری تۆمار كرد، لە بازاڕەكانی كوردستانیش دابەزینی بەخۆیەوە بینی و مسقالێك زێڕی عەیار 21 گەیشتە 347 هەزار دینار.

لە بازاڕەكانی دنیا نرخی زێڕ دابەزی و هەر ئۆنسێك گەیشتە هەزار و 637 دۆلار، ئەمەیش كەمترین نرخی زێڕە كە لە دوو ساڵی رابردوو تۆمار كراوە، دواین جار نرخی زێڕ ئەو نرخە بوو لە ساڵی 2020 بوو.

زێڕی عەیار 24 بە 387 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێ‌.
ئەمڕۆ دووشەم 26ـی ئەیلوول، رێباز سەمەد خاوەنی زێڕنگری باخ، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی زێڕ دابەزینێكی تری تۆمار كرد، بۆ ئەمڕۆ مسقالێك زێڕی عەیار 21 بە 347 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێ‌.

زیاتر گوتی، ئەو دابەزینە بەردەوامە و زێڕی عەیار 18 بە 294 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێ‌، هەروەها زێڕی عەیار 24 بە 387 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێ‌.

ئەو دابەزینەی زێڕ لە كاتێكدایە ئێستە بانكی ناوەندی ئەمەریكا و ژمارەیەك لە بانكە ناوەندییە گەورەكانی تر، هەفتەی ڕابردوو ڕێژەی سوودیان بەرز كردەوە، ئەمەش نیگەرانیی لەسەر كەمبوونەوەی گەشەی ئابووری دروست كرد و بەهای دۆلار بەرانبەر دراوەكانی تر بەرز بووەوە.  



وشە - رامیار جەواد