راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه شه‌ڕی ئۆكراینا، رووسیای لاواز كردووه، ناسه‌قامگیری ناوچه‌ی ئۆراسیای په‌ره پێداوه و هاوپه‌یمانیه‌تیی رۆژئاوای به‌هێزتر كردووه، ئه‌م رووداوانه هیچ كامیان له روانگه‌ی چینه‌وه ئه‌رێنی نین و پێشوازییان لێ ناكرێ.
گیدیۆن راشمان له رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمز وای نووسیوه: چواری شوباتی ئه‌مساڵ، واته سێ هه‌فته پێش په‌لاماردانی ئۆكراینا له‌لایه‌ن رووسیاوه، ڤلادمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا، له په‌كین له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی چین كۆ بووه‌وه. له راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شدا هه‌ردوو سه‌رۆك، دووپاتیان كردبووه‌وه هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تی هه‌ردوو وڵات بێ سنووره.
له‌و كاته‌وه تا ئێسته، حه‌وت مانگ تێپه‌ڕیوه و پێده‌چێت سه‌رۆكی چین په‌شیمان بووبێته‌وه له‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵاتی به بێ سنوور له قه‌ڵه‌م دابوو. پوتین له دانیشتنێكدا له په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی رێكخراوی هاوكاری شانگهای له سه‌مه‌رقه‌ندی ئۆزبه‌كستان به‌ڵێنی دا، پرسیار و نیگه‌رانییه‌كانی چین له‌باره‌ی شه‌ڕی ئۆكرایناوه بڕه‌وێنێته‌وه. پوتین و شی جین پینگ به‌شێوه‌ی ئاشكرا له‌باره‌ی ئه‌و نیگه‌رانییانه‌وه هه‌ڵوێستیان نه‌بوو، به‌ڵام پێشبینی و به‌راوردكردنی نیگه‌رانییه‌كانیان زۆر ئه‌سته‌م نییه. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه شه‌ڕی ئۆكراینا، رووسیای لاواز كردووه، ناسه‌قامگیریی ناوچه‌ی ئۆراسیای په‌ره پێداوه و هاوپه‌یمانیه‌تیی رۆژئاوای به‌هێزتر كردووه، ئه‌م رووداوانه هیچ كامیان له روانگه‌ی چینه‌وه ئه‌رێنی نین و پێشوازییان لێ ناكرێ.
راگه‌یه‌نراوی چواری شوباتی ئه‌مساڵ به‌ڕوونی ده‌ریخست كه بنچینه‌ی دۆستایه‌تی رووسیا و چین له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی رێبه‌رایه‌تی دنیای ئه‌مه‌ریكا دامه‌زراوه. سه‌ركه‌وتنی خێرای رووسیا له شه‌ڕی ئۆكراینا دوابه‌دوای پاشه‌كشێی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، ده‌یتوانی لێدانێكی تر بێت له سه‌نگ و پێگه و هێزی دنیای ئه‌مه‌ریكا. ئه‌و لێدانه ده‌یتوانی له قازانجی چین بشكێته‌وه و ته‌نانه‌ت بوار بۆ په‌لاماردانی تایوان خۆش بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به كرده‌وه رووی داوه ئه‌وه‌یه، شه‌ڕی رووسیا له ئۆكراینا درێژخایه‌ن بووه و رووسیا به‌ره‌و پووكانه‌وه ده‌چێت و ئه‌گه‌ری تێكشكاندنیشی هه‌یه. ئه‌مه‌ش به‌جۆرێك وه‌ك لێدانی ستراتیجی رژد بۆ سه‌ر چین هه‌ژمار ده‌كرێ.
زۆر هۆكاری هه‌ن وا ده‌كه‌ن چین له‌م دۆخه‌ی ئێسته دڵگران بێت.
یه‌كێك له شرۆڤه‌كارانی دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ستراتیجی ده‌ڵێ: زۆر هۆكاری هه‌ن وا ده‌كه‌ن چین له‌م دۆخه‌ی ئێسته دڵگران بێت. روونترین هۆكاری ئه‌وه‌یه رووسیا گرنگترین هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی چینه. هه‌ردوو وڵات به فه‌رمی ئه‌ندامی یه‌ك په‌یمان نین، به‌ڵام له كۆڕ و كۆمه‌ڵه جیهانییه‌كاندا پاڵپشتی له یه‌ك ده‌كه‌ن و مانۆڕی هاوبه‌شی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. شی جین پینگ پاش ئه‌وه‌ی بوو به سه‌رۆك، له یه‌كه‌م گه‌شتی ده‌ره‌كی خۆیدا سه‌ردانی رووسیای كرد. ئه‌و پوتین به باشترین هاوڕێی خۆی ناو ده‌بات، به‌ڵام ئێسته پێده‌چێت هاوڕێیه‌تی چین له‌گه‌ڵ رووسیا بووبێت به كێشه و گێچه‌ڵ، نه‌ك داراییه‌كی به‌نرخ و به‌كه‌ڵك.
خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه شه‌ڕی ئۆكراینا جگه له لاوازكردنی گرنگترین هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی چین، بووه‌ته هۆی زیندووكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تیی رۆژئاوا. جارێكی تر سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له دنیادا به به‌هێزی و پته‌وی ده‌ركه‌وته‌وه. چه‌كه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به‌ره‌به‌ره چاره‌نووسی شه‌ڕی ئۆكراینا ده‌گۆڕن و ژماره‌یه‌كی زیاتری وڵاتیش له ریزی پێوه‌ست بوون به ناتۆدان. راگه‌یاندنه‌كانی چین پێیان باشه رۆژئاوا روو له پاشه‌كشه و داكشان پێشان بده‌ن، به‌ڵام له ناكاودا هاوپه‌یمانیه‌تیی رۆژئاوا زۆر به‌هێز و لێهاتوو ده‌ركه‌وته‌وه.
چین ده‌توانێ به‌وه دڵخۆش بێت كه به‌شی "باشووری دنیا" هه‌ڵوێستێكی وای له‌باره‌ی شه‌ڕی ئۆكرایناوه نه‌بووه و به ناڕاسته‌وخۆش پاڵپشتی له رووسیا كردووه. ئه‌م هه‌ڵوێسته گرنگی خۆی هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌وڵدان بۆ راكێشانی وڵاتانی ئه‌فریقی و ئه‌مه‌ریكای لاتین و ئاسیا، به‌شێكی گرنگ له ململانێی چین و ئه‌مه‌ریكا پێكده‌هێنێت؛ به‌ڵام راستییه‌كه ئه‌وه‌یه تێڕوانین و روانگه‌ی به‌شی باشووری دنیایش رووی له ئاڵوگۆڕه. له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌مه‌رقه‌نددا سه‌رۆك وه‌زیرانی چین به‌ڕاشكاوی رای گه‌یاند: سه‌رده‌می ئێسته سه‌رده‌می شه‌ڕ نییه. سه‌رۆكی رووسیاش ناچار بوو به‌ڵێن بدات هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ زووتر كۆتایی پێ بێت.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئێسته مۆسكۆ كار ده‌كات گشتپرسی له ناوچه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا ئه‌نجام بدات، تا بتوانێت ره‌هه‌ندێكی یاسایی به هه‌نگاوه‌كانی خۆی ببه‌خشێت و پاش ماوه‌یه‌ك بڵێت خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ی ئۆكراینا خۆیان پێیان باش بووه ببن به به‌شێك له فیدراسیۆنی رووسیا. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌نجامی ریفراندۆمی رووسه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا هه‌ر چییه‌ك بێت، رۆژئاوا قبووڵی ناكات و رۆژئاواییه‌كان ئه‌مه به‌ته‌واوه‌تی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه. گرنگه سه‌رنجی ئه‌م خاڵه بدرێ، رووسیا ئێسته نه ده‌توانێ پاشه‌كشێ بكات و نه ده‌توانێ به‌ره‌وپێش بچێت. بۆیه له‌و بڕوایه‌دام ڤلادیمێر پوتین له‌م سه‌روبه‌نده‌ی ئێسته‌دا ده‌بێ به ئاراسته‌ی جێگیركردنی ئاشتییه‌كی دیاریكراو هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دایه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش نایه‌وێ ئه‌م شه‌ڕه به‌پێی ئه‌م دۆخه‌ی ئێسته كۆتایی پێ بێت و به‌جۆرێك پێشوازی له به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌كه ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژئاواییه‌كان هه‌موو توانای خۆیان چر كڕدووهتهوه بۆ لاوازكردنی رووسیا له به‌ره‌ی ئۆكراینا و تا كۆتایی درێژه به‌م رێیه ده‌ده‌ن.
پێده‌چێت بابه‌تی گشتپرسی له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا ناكۆكی و ململانێیه‌كی نوێ دروست بكات و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌ندێ وڵات له‌وانه بیلاڕووس و چه‌ند وڵاتێكی تر كه هاوپه‌یمانی رووسیان، پێشوازی له‌م هه‌نگاوه بكه‌ن و ددانی پێدا بنێن. ئه‌و شته‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رووسیا له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا ره‌ت ده‌كاته‌وه و بێگومان ئاراسته‌ی دۆخه‌كه ده‌گۆڕێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه رۆژئاواییه‌كان له ئۆكراینا په‌ره‌ی زیاتر به شه‌ڕه‌كه بده‌ن. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌كرێ پێشبینی بكه‌ین ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا گه‌مارۆی زیاتر بخه‌نه سه‌ر رووسیا، هه‌روه‌ها پاڵپشتی زۆرتر پێشكه‌ش به ئۆكراینا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له رووسیا بدات.
له كۆتاشدا ده‌بێ ئه‌و له بیر نه‌كه‌ین رووسیا له كاتێكدا بابه‌تی گشتپرسی له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا ده‌ورووژێنێت، زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی دنیا له كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌گرتووه‌كان كۆ بوونه‌وه‌ته‌وه و وتار پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. رووسیا به‌م هه‌نگاوه‌ی له‌م كاته ناسكه‌دا ده‌یه‌وێ به هه‌موو دنیا و سه‌ركرده‌ی وڵاتان بگه‌یه‌نێت، هێشتا له لووتكه‌ی هێزدایه. هۆكارێكی تری ئه‌م كاره‌ی ئه‌وه‌یه بتوانێ پێگه‌ی خۆی جێگیر بكات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه وره‌یه‌كی زیاتر به خه‌ڵكه رووسه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا ببه‌خشێت. ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رووسیا، هه‌موو دنیای له پشتی ئه‌مه‌ریكادا كۆ كردووه‌ته‌وه.
وه‌رگێڕانی: ئارام وه‌ڵه‌دبه‌گی