بانکی ناوەندیی عێراق سفرەکانی دینار کەم دەکاتەوە

:: AM:10:51:27/09/2022 ‌
 
بانكی ناوەندیی عێراق، كار بۆ دەركردنی دراوێكی دیجیتاڵی و کەمکردنەوەی سفرەكانی دراو ‌دەكات. هەنگاوەکە پێویستی بە رێکاری یاسایی هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 27ی ئەیلوول، مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، لە دیداری رافیدەین كە لە بەغدا بەڕێوە دەچێت، رای گەیاند، بانكی ناوەندی كار لەسەر دەركردنی دراوی دیجیتاڵی دەكات، بۆ ئەوەی لەگەڵ پەرەسەندنی مامەڵە دراوییەكان لە ناوچەكە و دنیادا بگونجێت.

ئەوەی روون كردەوە كە پرۆسەی سڕینەوەی سفرەكان پێویستی بە دەركردنی یاسایەك هەیە

دووپاتی كردەوە كە لابردنی سفرەكان لە دراوی عێراقی، پێویستی بە دەركردنی دراوی دیجیتاڵی هەیە، ئەمەیش پێویستی بە ژینگەیەكی ئابووری ئارام هەیە.

"تا ئێستە هیچ كاتێكی دیاریكراو بۆ دەركردنی دراوی دیجیتاڵی لە وڵاتدا نییە، بەڵام ئێمە لە ماوەی داهاتوودا كار لەسەر ئەمە دەكەین". پارێزگاری بانكی ناوەندی وای گوت. 

لەبارەی ئەو هەنگاوەوە پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەمە بۆ ئەوەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا هاوسەنگ بن و مامەڵەكردن بە پارەی نەختینە كەم بكەنەوە لە ڕێی دەركردنی ئەم دراوە دیجیتاڵییەوە.

هاوكات بۆ سڕینەوەی سفرەكان لە دراوی ناوخۆیی، ئەوەی روون كردەوە كە پرۆسەی سڕینەوەی سفرەكان پێویستی بە دەركردنی یاسایەك هەیە، هەروەها رەشنووسی یاساكە بۆ ئەو پرسە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە ئامادە كراوە و پێشكەشی حكوومەتی پێشتر كرابوو.

هاوكات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌یش كردووه‌ كه‌ 20 هه‌زار دیناری ده‌رده‌كه‌ن، هاوشێوه‌ی 50 هه‌زار دینار.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی گۆڕینی به‌های دراوه‌كه‌ی به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی ئه‌وه‌ی دركاند، کە بانکی ناوەندی هیچ نیازێکی نییە بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار.


وشە - زریان تەها