لاهوور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی پێشووی یه‌كێتی، ده‌ستی به جووڵه نوێیه‌كانی له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كردووه و ده‌یه‌وێ هه‌موو ئه‌وانه كۆ بكاته‌وه كه له هه‌نگاوه‌كانی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی نیگه‌رانن، له هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی و میدیاییدایه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له چه‌ند سه‌رچاوه‌ی نزیك له لاهوور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی پێشووی دوورخراوی یه‌كێتی دراونه‌ته "وشه"، دوای بێهیوابوونی ته‌واوی لاهوور و ئه‌ندامه سه‌ركردایه‌تییه نزیكه‌كانی له گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی، ده‌ستی به چڕكردنه‌وه‌ی چالاكی و جووڵه نوێیه‌كانی كردووه.
له سه‌ره‌تای مانگی ئابی رابردوو كاتێك بافڵ له ژێر ناوی رێكخستنه‌وه‌ی مووچه و میلاكات، به‌شی مووچه‌ی مه‌كته‌بی دارایی و ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی و مووچه‌ی سه‌تان كادری بڕی کە هاوکات مووچەیان لە حزب و حکوومەتیش وەردەگرت، لاهوور جه‌نگی له‌ڕێی چه‌ند كه‌سێكی نزیكی، پێوه‌ندی به ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌و میدیاكار و كادرانه‌ی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و ئۆرگانه‌كانی تری یه‌كێتی كردووه و پێیِ راگه‌یاندوون، ده‌توانن له داهاتوودا له‌ناو میدیایه‌كی فراواندا درێژه به‌كاركردنی خۆیان بده‌ن.
هاوكات هه‌فته‌ی رابردوو كاتێك به بڕیاری بافڵ تاڵه‌بانی له ژێر ناوی چاكسازی، گۆڕانكاریی ریشه‌یی له مه‌ڵبه‌نده‌كانی سلێمانی و گه‌رمیان و كۆمیته‌كانی سنووری چالاكییان كراوه، ژماره‌یه‌كی تری كادری رێكخستنه‌كان نیگه‌رانن و چوونه‌ته‌وه ماڵه‌وه، لاهوور به نهێنی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ده‌ست پێ كردووه‌ته‌وه و مه‌به‌ستێتی له‌هه‌ر كاتێكدا بێت، هاوشێوه‌ی جیابوونه‌وه‌ی باڵی ریفۆڕم له ساڵی 2009 له یه‌كێتی و راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌وانیش بێنه ناو پارته نوێیه‌كه‌ی لاهووره‌وه و پارتێكی سیاسیی نوێ رابگه‌یه‌نێت.
لاهوور جه‌نگی تا سه‌ر ئاوا ناوه‌ستێت و به وردی به‌رده‌وام چاودێری گۆڕانكاری و ده‌نگه ناڕازییه‌كانی بافڵ ده‌كات
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای سیاسی كه له‌به‌ر هه‌ستیاریی پۆسته‌كه‌ی داوای كرد ناوی نه‌هێنرێت، بۆ "وشه" ته‌واوی زانیارییه‌كانی پشتڕاست كرده‌وه و گوتی، "یه‌كێك له مه‌به‌سته سه‌ره‌كییه‌كانی لاهوور جه‌نگی و چوون بۆ به‌شداریكردن له خولی چواره‌می دیداری ڕافیده‌ین كه ئێواره‌ی رۆژی 26ی ئه‌یلوول له به‌غدا به‌ڕێوه چوو، ده‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ فارووقی مه‌لا مسته‌فا سه‌رمایه‌دار و زه‌ریای كوڕی، كه چه‌ندان جار له‌گه‌ڵ بافڵ له‌سه‌ر پێدانی سه‌رانه كێشه‌یان هه‌بووه، كۆماندۆ و ئاسایشی یه‌كێتی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی فارووق و شاری جوان، نیشانه‌ی نزیكبوونه‌وه‌یانه تا فارووق بتوانێت هاوكاری و پاڵپشتی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی نوێی لاهوور بكات كه بیه‌وێت رای بگه‌یه‌نێت.
ئه‌و پێی وایه هه‌نگاوه‌كه‌ی لاهوور، به‌ئاشكرا پێشاندانی هێز و ته‌حه‌دای بافڵ و مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی بووه كه بوونه‌ته ئه‌ڵقه له‌گوێی بافڵ و به زه‌بری هێز و پاره و ئۆتۆمبێل رازی كردوون.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، لاهوور جه‌نگی تا سه‌ر ئاوا ناوه‌ستێت و به وردی به‌رده‌وام چاودێری گۆڕانكاری و ده‌نگه ناڕازییه‌كانی بافڵ ده‌كات، رێ نادات له رێی به‌كارهێنانی دژه تیرۆر و دروستكردنی هێزی كۆماندۆ، هه‌ر رۆژه‌ی به‌ناوی چاكسازییه‌وه نمایشی ده‌سه‌ڵات بكات، جگه له‌مه پێوه‌ندییه‌كانی لاهوور و ئه‌ژی ئه‌مین، ئێسته له‌وپه‌ڕی باشیدایه و ته‌نانه‌ت پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه ده‌چێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی "وشه ئاشكرای كرد، به بڕیاری بافڵ تاڵه‌بانی، یه‌كێتی به‌نیازه گۆڕانكاری له پۆستی بریكاری وه‌زاره‌ته‌كانی یه‌كێتی له حكوومه‌تی هه‌رێم بكات و ژماره‌یه‌ك پله‌داری سه‌ربازی كه زۆربه‌یان عه‌مید بۆ سه‌ره‌وه‌ن خانه‌نشین ده‌كرێن، ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی تری لاهووره و ده‌یه‌وێ رایان بكێشێت.
له زانیارییه‌كاندا ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، جووڵاندنی هێزی كۆماندۆ بۆ گه‌رمیان، نیگه‌رانی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی یه‌كێتی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و له دواین كۆبوونه‌وه‌ی نێوان دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، له ماڵی مه‌حموود سه‌نگاوی باسی لێوه كراوه و ته‌نانه‌ت ئاساییبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان لاهوور جه‌نگی و ئه‌و سه‌ركردانه، له حاڵه‌تی دانانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن بافڵه‌وه ئه‌گه‌رێكی كراوه بووه.
لاهوور شێخ جه‌نگی له ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند جارێك هه‌وڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده دێرین و دیاره‌كانی یه‌كێتی داوه كه به‌هۆی بافڵه‌وه تووشی نیگه‌رانی بوون، به نموونه كاتێك له ماوه‌ی رابردوودا ئاراس جه‌نگی سه‌ردانی ماڵی مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسیی یه‌كێتی كردووه، كه به‌هۆی بڕینی بودجه‌ی تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ریی چاو‌دێر، بۆ ماوه‌ی دوو مانگه مه‌لا به‌ختیار و بافڵی زاوای پێوه‌ندییه‌كانیان تێكچووه،لاهوور ده‌یه‌وێ سوود له‌وه وه‌ربگرێت و ئه‌و كاته له راگه‌یه‌نراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌ی ره‌ت نه‌كرده‌وه.
لاهوور شێخ جه‌نگی له دوای رووداوه‌كانی هه‌شتی ته‌مووزی ساڵی رابردوو، به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانی په‌راوێز خرا، بۆیه له كاتێكی زێڕین ده‌گه‌ڕێت تا تۆڵه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێ بكاته‌وه.
وشه\ تایبه‌ت