یه‌كێتیی زانایانی هه‌ولێر بۆ كۆمه‌ڵ: ئه‌ركی ئێوه‌ نییه‌ پشتگیریی حزبی‌ سیاسی بكه‌ن

:: PM:03:41:27/09/2022 ‌

 

لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی كوردستان، وەڵامی زانایانی كۆمەڵی دادگەری دەداتەوە و رای دەگەیەنێت، ئەركی ئێوە نییە وەك زانایانی كۆمەڵی دادگەری لەناو یەكێتیی زانایانی كوردستان، پشتگیریی حزبی سیاسی بكەن، بەڵكو دەبێ خزمەتی ئاین بكەن.


ئەمڕۆ سێشەم 27ی ئەیلوول، لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دوای خوێندنەوەی راگەیەنراوەكەی زانایانی كۆمەڵی دادگەری، ئەمە وەڵامەكەی ئێمەیە، "ئەركی ئێوە نییە وەك زانایانی كۆمەڵی دادگەری لەناو یەكێتیی زانایانی ئاینی پشتگیریی پارتی سیاسی بكەن، بەڵكو دەبێ خزمەتی ئاین بكەن، نەك پشتگیریی بەیاننامەی پارتێكی سیاسی"

هەروەها لقی هەولێری یەكێتیی زانایان دەڵێت، "ئێوە كاری رێكخستنی حزبی و سیاسی لە ناو مزگەوتەكاندا دەكەن، خۆتان بە شانازییەوە لە زۆر شوێن باسی ژمارەی مزگەوت و مامۆستای سەربە رێكخستنەكانتان دەكەن، ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و یاسا بەركارەكانە".

هەورەها ئەوەیش دەخاتەڕوو، "ئێوە كە خۆتان بە ئیسلامی دادەنێن، پێویستە راستگۆیانە قسە بكەن لە بەرانبەر خودا و گەل، چونكە قسە بەرپرسیاریەتیی ئاینی و ئەخلاقییە، ئایا كەی قەدەغەی فێربوونی قورئانی پیرۆز كراوە".

هاوكات ئەوەیان راگەیاندووە، "ئەم بابەتانە بەپێی یاسا بەركارەكان بابەتی سەرەكی  حكوومەتی هەرێمە، نازانین بە چ یاسایەك ئێوە دەیكەنە بابەتی خۆتان".

"باش بزانن مامۆستای ئاینی ئەگەر بوختان هەڵبەستێ بە ناڕاست، سزاكەی لای خودای گەورە قورسترە". زانایانی ئاینی هەولێر وا دەڵێت.

ماوەی چەند رۆژێكە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان، فەرمانی كردووە بە داخستنی سەرجەم سەنتەرەكانی لەبەركردنی قورئان كە مۆڵەتیان نییە، ئەمەیش كاردانەوەی حزبە ئیسلامییەكان و سەلەفییەكانی لێ كەوتووەتەوە. 

 



وشە - تایبه‌ت