فوئاد حوسێن: لە چەند مانگی داهاتوو نرخی نەوت دەگاتە 150 دۆلار

:: PM:07:46:27/09/2022 ‌

دنیا بە چەندان كێشەی گەورەوە سەرقاڵە، ئەوانەیش كاریگەرییان لەسەر بازاڕەكان داناوە، بەتایبەتی بازاڕی وزە، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی نەوتێكی زۆر بەرهەم دێنێت و بودجەكەیشی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بۆیە گرنگە نرخی نەوت لە ئاستێكی بەرز جێگیر بێت، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشبینی خۆی بۆ نرخی نەوت راگەیاند.
زیان بە ئابووری وڵاتانی نابەرهەمهێنی نەوت دەگەیەنێت
فوئاد حوسێن لە دیدارێكی لەگەڵ "سپۆتنیك"، لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك گوتی، ئێمە لە وەرزی زستان نزیك دەبینەوە و هەستێكم هەیە بەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، رەنگە نرخەكەی بگاتە ئاستی 150 دۆلار بۆ بەرمیلێك یان لەو دەوروبەرە.

روونی كردەوە، ئەگەر نرخەكەیشی لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت و لە زستان زیاتریش بوو، ئەوە زیان بە ئابووری وڵاتانی نابەرهەمهێنی نەوت دەگەیەنێت، كە جگە لەوانەیش، كاریگەریی سزاكانی سەر رووسیا هۆكاری تری بەرزبوونەوەی نرخن. 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بە تێكڕای 1% بەرز بووەوە، كاتێك نرخی خاوی برێنت بۆ گرێبەستە دواخراوەكان بۆ مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو، بە رێژەی 1.27% بەرز بووەوە و گەیشتە ئاستی 83.91 دۆلار بۆ بەرمیلێك، هەرچی خاوی تەكساسە، نرخی گرێبەستەكانی بۆ مانگی تشرینی دووەم بە رێژەی 1.15% بەرز بووەوە و گەیشتە ئاستی 77.6 دۆلار.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل