ئێران: لە هێرشەكە 73 مووشەك و دەیان درۆنمان بەكار هێناوە

:: PM:08:36:28/09/2022 ‌

ئەمڕۆ بنكە و بارەگای حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دووچاری بۆردمانێكی سەختی ئێران هاتنەوە، بەو هۆیەوە جگە لە زیانی مایەكی، حەوت كەس شەهید بوون و 24ی تریش بریندار بوون، فەرماندەی هێزە وشكاوییەكانی ئێران وردەكاریی هێرشەكە رادەگەیەنێت.

عەمید باكبوور، فەرماندەی هێزە وشكاوییەكانی ئێران رای گەیاند لە بۆردمانی بارەگای حزبە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان 73 مووشەكی بالیستی زەوین-زەوین و دەیان درۆن بەكار هێنراوە، هێرشەكە بە وردی ئەنجام دراوە و تیایدا 42 شوێن هەندێكیان لە قووڵایی 400 كیلۆمەتر كراونەتە ئامانج.   

روونی كردەوە، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان ئەو حزبانە دەربكەن، هێرشەكەیش تا كاتی داماڵینی چەكی ئەو حزبانە بەردەوام دەبێت.

ئەو شێوازەی هێرش و بۆردمانەی ئێران، هەمان شێوازی رژێمە داپلۆسێنەرەكانە، بە دروستكردنی دوزژمنێكی خەیاڵی بۆ خۆت و پێڕەوكردنی سیاسەتی پیلانگێڕی و كردنیان بە پاساو بۆ پەرەدەپۆشكردنی دەیان شكست و ناڕەزایەتی گەڵان لەپێناو بەدیهێنانی مافە رەواكانی خۆیان، ئێستە ئێران بە دۆخێكی زۆری سەخت تێپەڕ دەبێت، توندی ئەو هێرشانەی ئەمڕۆیش ئاستی خراپی و سەختی دۆخی رژێمی ئەو وڵاتەیە. 

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، سەركۆنەی هێرشی ئێران دەكەین، كە پێشێلكارییە بۆ سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق، هەروەها سەركۆنەی لێدوانەكانی حكوومەتی ئێران دەكەین، كە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی تر لە عێراق دەكات.

لای خۆیەوە كونسوڵگەی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، لە "تویتەر" پەیامێكی‌ بڵاو كردەوە و رای‌ گەیاند، نیگەرانین لە هێرشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەداخەوەین بۆ قوربانیانی سڤیلی بێ تاوان، هێرشەكان پێشێلكارییەكی بێ پاساوی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراقن، داوا لە ئێران دەكەین دەستبەجێ هێرشەكان بوەستێنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل