دژەتیرۆری كوردستان وردەكاری هێرشەكەی ئێران رادەگەیەنێت

:: PM:10:08:28/09/2022 ‌

ئەمڕۆ ئێران یەكێك لە هێرشە گەورەكانی كردە سەر هەرێمی كوردستان، بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كردە ئامانج و بەو هۆیەوە شەهید و بریندارێكی زۆر هەیە، دژەتیرۆری كوردستان لەو بارەوە  دەڵێت، سوپای پاسدارانی ئێران بە چوار قۆناغ هێرشی مووشەكی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، بەو هۆیەوە تا ئێستە 13 شەهید و 58 بریندار هەیە. 

بە گوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەم 28ی ئەیلوولی 2022، شەعات 10:15ی پێش نیوەڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران بە چوار قۆناغ زنجیرە هێرشێكی لە رێگەی مووشەكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو، بۆ سەر هەریەك لە بارەگاكانی پارتی ئازادیی كوردستان لە پردێ، قەڵای دیموكراتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری كۆیە، بارەگای كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە سلێمانی، كەمپەكانی نیشتەجێبوونی كوردەكانی رۆژهەڵات لە زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانەگەورە لە پارێزگای سلێمانی و كەمپەكانی ئازادی و قەڵا و ئەمیرییە لە كۆیەی كردە ئامانج. 
زیاتر لە 70 مووشەك و درۆنی بۆمبڕێژكراو لەناو خاكی ئێرانەوە بە چوار قۆناغ ئاراستە كراون
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەوەی زانراوە ‌لە هێرشەكاندا زیاتر لە 70 مووشەكی بالیستی جۆری فاتح و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو لەناو خاكی ئێرانەوە بە چوار قۆناغ ئاراستە كراون، قۆناغی یەكەم، تەنیا لە رێگەی مووشەكی بالیستی، قۆناغی دووەم، ‌‌بە مووشەكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو، قۆناغی سێیەم‌، مووشەكی بالیستی بە هاوكاری فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی چاودێری و قۆناغی چوارەم تەنیا لە رێگەی مووشەكی بالیستییەوە بووە. 

ئەوەی تا ئێستە زانراوە هێرشەكان لە ناوچەی سەلاسی باوەجان لە پارێزگای كرماشانی هاوسنووری پارێزگای هەڵەبجە، ناوچەی سەردەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوای هاوسنوور لەگەڵ ئیدارەی راپەڕینەوە ئاراستە كراون، تیایدا شوێنە گشتییەكانی وەك باخچەی ساوایان، قوتابخانە، بنكەی تەندروستی، نەخۆشخانە، هۆڵی بۆنە و ئاهەنگ و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری و ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل كراوەتە ئامانج. 

هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستە 13 كەس شەهید بوون، كە لە ناویاندا ئافرەتی دووگیان هەیە، 58 كەسی تریش بریندار بوون، كە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن، لە ناویاندا منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ و قوتابی و مامۆستا و رۆژنامەوان هەن، هاوكات فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی تری ئێرانی، لە سنووری شاری كۆیە، پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەكەی كەوتووەتە خوارەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل