پێڕەوكردنی پێنج ڕێسای ئاسان بۆ خواردنێكی تەندروست

:: PM:01:21:29/09/2022 ‌
بەپێی ڕاپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، كەسانێكی زۆر ناتوانن پابەند بن بە رێجیمێكی تەندروستەوە، سەرەڕای ئەوەی زانیاریی تەواویان هەیە لەسەر ئەوەی كە دەبێت چی بخۆن و چی بخۆنەوە، یان خۆیان لە چی خواردنێك بەدوور بگرن. 

بەم پێیە هەندێك لە پزیشكان و پسپۆڕانی بواری خۆراك بەیەكەوە، چەند ئامۆژگارییەكیان داناوە بۆ یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە حەز دەكەن پابەندبن بە خواردنی خۆراكی تەندروست، بۆ ئەوەی دوور بكەونەوە لە زۆر نەخۆشی بەتایبەتی كێشی زیادە، چونكە سێ لەسەر چواری ئەمەریكا كە تەمەنیان ٢٠ ساڵ یان زیاترە، بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن و بەپێی ئاماری ناوەندەكانی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان لە ساڵی2017 - 2018  . هەروەها هەندێك لە راپرسییەكان دەریانخستووە كە ڕێژەی قەڵەوی لە ئەمەریكا لە ماوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هێندەی تر زیادی كردووە. 


 -1بازاڕكردن بەشێوەی ئۆنلاین
یەكێك لە گرنگترین ئامۆژگارییەكان بۆ پابەندبوون بە خواردنی خۆراكی تەندروست، بازاڕكردنە بەشێوەی ئۆنلاین، لەبری ئەوەی بچیتە دوكان و فرۆشگەكان، چونكە كڕین لەڕێی ماڵپەڕ و ئەپڵیكەیشنە ئەلیكترۆنییەكانەوە، وا دەكات زیاتر بتوانی هەڵبژێریت و دوور بكەویتەوە لە سەیركردنی بەرهەمە ناتەندروستەكان.

-2   خەوتنی باش
ئامۆژگاری دووەم ئەوەیە كە بەلایەنی كەمەوە شەش سەعات و نیو بە باشی بخەوین، كاتێك زیاتر بەخەبەر دەبین، كاتێكی زیاترمان دەبێت بۆ خواردن. هەروەها كەمخەوی دەبێتە هۆی گۆڕانكاریی بایۆلۆجی كە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادەڕۆیی لە خواردنی ئەو خۆراكانەی كە دەوڵەمەندن بە چەوری. توێژەرانی زانكۆی پێنسیلڤانیا كە سەرپەرشتی توێژینەوەیەكیان كردووە، بۆیان دەركەوتووە ئەو كەسانەی كە تەنیا چوار بۆ پێنج سەعات دەخەون، بە تێكڕا ڕۆژانە ٥٥٠ كالۆری زیادە دەخۆن.

-3 بەشداریپێكردن لە خواردن
ئامۆژگاری سێیەم بریتییە لە نانخواردن لەگەڵ كەسانی تر كە ئارەزووی پابەندبوونیان بە رێجیمێكی تەندروستەوە هەیە، چونكە ئەمە ئیرادە بەهێز دەكات بەرەو بەرەنگاربوونەوەی خواردنی ئەو خۆراكانەی شەكریان تێدایە، وەك خواردنی شیرینی دوای نانخواردنی نیوەڕۆ.

-4 بە تەنیا نان مەخۆ
ئامۆژگارییەكانی پێشوو دەمانباتە سەر یاسای چوارەمی دووركەوتنەوە لە خواردن بە تەنیا، چونكە ئامادەكردنی خۆراك لەگەڵ ئەندامانی خێزان یارمەتیدەرە لە ئامادەكردنی ئەو ژەمە خۆراكییانەی كە دەوڵەمەندن بە سەوزە و مادەی بەسوود.

-5 هەنگاوی سادە
یەكێكی تر لە ئامۆژگارییەكان ئەوەیە كە بەرنامەیەك بە هەنگاوی سادە دروست بكرێت و پابەندی پێوە بێت، چونكە دەروونناسەكان پێیان وایە ئەوەی كە دەڵێت دەیەوێ "خۆراكی تەندروست بخوات" بێهوودەیە، چونكە یاسایەكی گشتی نەرمە. بەم پێیە ئەو كەسەی دەیەوێ پابەند بێت بە خۆراكی تەندروستەوە، دەبێت هەموو كاتێك چەند هەنگاوێكی سادە دابنێت، بۆ نموونە ئەم هەفتەیە هیچ خۆراكێك ناخۆم كە شەكری تێدابێت، یان "ئەمڕۆ خۆم لە گۆشتی سوور بەدوور دەگرم". "

كەواتە ئەم هەنگاوە سادانە بە تێپەڕبوونی كات، یارمەتیت دەدەن پابەند بیت بە خۆراكێكی تەندروست و بەردەوامەوە.


وشە - كەژاڵ كەمال