له دوێنێوه تا ئێسته له چوار شوێنی جیا جیا بۆڕی گواستنه‌وه‌ی گازی سروشتی له ڕووسیاوه بۆ ئه‌ڵمانیا كه به ژێر ده‌ریای به‌ڵتیك دا هاتووه، كونبوون. ئه‌مه‌یش پرسیار و گومانی زۆری دروست كردووه، ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا ڕووسیا به ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه بۆ سه‌ر هه‌ردوو بۆڕییه‌كه‌ی گوێزه‌ره‌وه‌ی گاز تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، مۆسكۆیش به توندی ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه پێشتر جۆ بایدن و به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا به ئاشكرا و له‌به‌رده‌م مایكی میدیاكانی جیهان هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌هێشتنی یه‌كجاره‌كی بۆڕی نۆرد ستریم یه‌ك و دوویان داوه، زیانگه‌یاندن به‌و دوو بۆڕییه زیانگه‌یاندنه به ڕووسیایش، چونكه گازی ڕووسی له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌گاته ئه‌ڵمانیا و له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یشدا ڕووسیا پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاحی ده‌ست ده‌كه‌وێت.
زۆرینه‌ی شاره‌زایان و پسپۆران دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه له هه‌موو حاڵه‌ته‌كان ئه‌و كونبوونانه‌ی كه له بۆڕییه‌كه دروستبوون، ڕووداوێكی سروشتی و ئاسایی نین، بگره ده‌ستێكی تێكده‌ر به به‌رنامه ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجام داوه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه‌یش له كاری ده‌وڵه‌تێك ده‌چێت، كه خاوه‌نی ژێرده‌ریایی "
غواس" و بۆمبی نێو ئاو بێت، به‌ڵام كام ده‌وڵه‌ت ئه‌و كاره‌ی كردووه، تا ئێسته ئه‌مه یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا دووپات له‌وه كرایه‌وه كه بۆڕییه‌كان كونكراون، به‌ڵام دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد ئه‌وه ئاشكرا كرد، كه هه‌ردوو بۆڕییه‌كه له چوار شوێن ته‌قێنراونه‌ته‌وه، كه‌ناڵی دووی ئه‌ڵمانی كه زمانحاڵی فه‌رمی حكوومه‌تی وڵاته له‌وباره‌وه ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و له زاری شاره‌زایان ئاماژه‌ی داوه، كه ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌ی له‌مجۆره له قووڵایی ده‌ریا هه‌رگیز كاری گرووپێك نییه و بگره سه‌ربازی ده‌ریایی ڕاهێنراو و ژێرده‌ریایی و بۆمبی تایبه‌ت له‌و كاره‌دا به‌كارهاتووه، كه ئه‌مانه‌یش له توانای وڵاتانن نه‌ك گرووپی تێكده‌ر و تیرۆریست. له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش شاره‌زایانی ته‌كنه‌لۆجیا ده‌ڵێن، ئه‌م ته‌قینه‌وانه ڕێی تێ ده‌چێت، كه ڕۆبۆتی "به‌راز" ئه‌نجام درابێت، كه جۆره ڕۆبۆتێكی تایبه‌ته به پاككردنه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی بۆڕییه‌كان و ناوی "به‌راز"ی لێ نراوه و ده‌توانرێ له دووره‌وه كۆنتڕۆڵ بكرێ و ئاراسته بكرێ و به نێو بۆڕییه‌كان بسووڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر بۆمب به‌و ڕۆبۆتانه‌وه لكێنرا بێ و فه‌رمان به ڕۆبۆته‌كانیش درا بێ، كه به نێو بۆڕییه‌كه‌دا بڕۆن، له‌و شوێنه‌ی كه مه‌به‌ست بووه بوه‌ستێنرێن و بته‌قێنرێنه‌وه.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه تۆڕی سی ئێن ئێنی ئه‌مه‌ریكیش له زاری سه‌ربازانی ناو ژێرده‌ریاییه‌كان له ده‌ریای به‌ڵتیك ده‌ستی كه‌وتووه و بڵاوی كردووه‌ته‌وه، سه‌ربازه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه داوه كه هه‌فته‌ی ڕابردوو جمجۆڵی ژێرده‌ریاییه‌كانی ڕووسیایان له نزیك ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئێسته بۆڕییه‌كانی لێ ته‌قیوه‌ته‌وه بینراون و جموجۆڵه‌كانیان تۆماركراوه و شوێنپێیان هه‌ڵگیراوه.
كام وڵات ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجام داوه پرسیارێكه تا ئێسته بێ وه‌ڵامه، به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی ئه‌و كاره تێكده‌رانه‌یه بۆ سه‌ر ئابووری ئه‌ڵمانیا به تایبه‌تی و ئه‌وروپا به گشتی زۆر قورس ده‌بێت، ده‌سبه‌جێ دوای ئه‌و هێرشانه نرخی گازی سروشتی له بازاڕه‌كانی جیهان به ڕێژه‌ی زیاتر له 14% ڕووی له به‌رزبوونه‌وه كرد و له ئه‌نجامی ئه‌و ته‌قینانه‌وه‌یش تا ماوه‌یه‌كی نادیار ناتوانرێ جارێكی تر ئه‌و دوو بۆڕییه‌ی گوێزه‌ره‌وه‌ی گازی سروشتی دووباره گازیان پێ ڕه‌وانه بكرێت، كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ئابووری ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو له پاشه‌كشه‌ی زیاتر و زۆرتر بكات و ژیانی خه‌ڵكی قورس‌تر بێ و هه‌ژاری زیاتر له نێو ئه‌ڵمانیا بڵاو ببێته‌وه و نرخی كه‌لوپه‌لی خواردن و سه‌رجه‌م بواره‌كانی تر دووباره به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاو به‌خۆیانه‌وه ببینن.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌سكه‌نده‌نافیا كه زۆر گرنگی به پاراستنی ژینگه و پابه‌ندبوون به ڕێككه‌وتنه‌كانی پاراستنی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و ژینگه‌ی زه‌وی ده‌ده‌ن، ئێسته ده‌سته‌وه‌ستانن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری گازی سروشتی به نێو ده‌ریای به‌ڵتیكه‌وه كه له ئه‌نجامی ئه‌و چوار ته‌قینه‌وه‌یه و كونبوونی هه‌ردوو بۆڕییه‌كه‌وه بڕێكی زۆری گازی سروشتی ده‌ڕژێته نێو ده‌ریاكه‌وه، كه ئه‌مه‌یش مه‌ترسییه‌كی سه‌ره‌كی و گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ژیانی گیانه‌وه‌ره ئاوییه‌كان و ئاوی ده‌ریاكه به تایبه‌تی.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یش ئێسته هێزه‌كانی ده‌ریایی ئه‌ڵمانیا خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونن بۆ ده‌رخستنی ڕاستی ڕووداوه‌كه و به كارێكی لۆجیكییش نازانرێ كه رووسیا بۆڕییه‌ك بته‌قێنێته‌وه كه خۆی سه‌رمایه‌گوزاری تێدا كردووه و پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاحی تێدا سه‌رف كردووه، كریستینا لامبرێخت وه‌زیری به‌رگری حكوومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیا له‌وباره‌وه دووپاتی كرده‌وه، كه هێزه‌كانمان به ته‌واوی بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و كرده تێكده‌رانه ڕاسپێردراون و هه‌موو ڕێوشوێنێكیان گرتووه‌ته‌به‌ر تا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و بێلایه‌نانه ئه‌نجام بده‌ن.