لەناو بێدەنگیی عێراق.. ئێران چۆن بەرپەرچ دەدرێتەوە؟

:: PM:08:21:29/09/2022 ‌

لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی ئێران بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/ و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكی فرەوان لە ئێران، بەتایبەتی لە شارە كوردییەكان، ماوەی چەند رۆژێك سوپای پاسدارانی ئێران بە پاساوی ئەوان هۆكاری گەرمكردنی ناڕەزایەتییەكانن، بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكات، دوێنێ دەیان شەهید و برینداری لێ كەوتەوە، بەڵام چۆن دەتوانرێت ئەو هێرشانە بوەستێنرێت؟

پەیامەكانی ئێران دیارن، دەیەوێ چاو لەسەر تەنگژە قووڵەكانی ناوخۆیی و شكستەكانی لابدات، هۆكاری ناڕەزایەتییەكان بۆ كۆچی دوایی گوماناوی ژینا ئەمینی نەگەڕێندرێنەوە، بەڵكو حزبە كوردییەكانن لە دەرەوە ئاگری ناڕەزایەتی خۆش دەكەن، هاوكات گوشاریشە بۆ سەر كوردانی ناوخۆی ئێران و حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ وەستاندنی ناڕەزایەتییەكان، بۆ سەر رای گشتی هەرێم و دەسەڵاتدارانیشیەتی.

لەو ناوەدا و ئەگەرچی ئەمڕۆ باڵوێزی ئێران لە عێراق لەلایەن وەزارەتی دەرەوە هاتە بانگهێشتكردن و یاداشتێكی ناڕەزایەتی پێ درا، بەڵام لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و دەوڵەت و جەماوەریشەوە هیچ شتێك نییە، بەتایبەتی هێز و میلیشیاكانی شیعەی نزیك لە ئێران، كە نەوەك نوقەیان لێ نەهات، بەڵكو باسی پاساوەكانی ئێران بۆ بۆردمانەكە دەكەن.
شێواندنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لای ئەمەریكا قبووڵكراو نییە
جەبار مەعمووری، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، زیاتر لە 50 بارەگای حزبە كوردییەكانی نەیار بۆ ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستان هەن، زۆرینەیان خاوەن باڵی سەربازین و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئەو دوو وڵاتە، بۆیە بوونی ئەو بارەگایانە لەسەر خاكی عێراق نادەستوورییە و كێشەی گەورەیان لێ دەكەوێتەوە.

لە هەرێمی كوردستان بارەگای بارزانی و سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەت و پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنەكەی لە بەغدا ناڕەزایەتی توندیان دەربڕی، بەنگین رێكانی، ئەندامی پارتی لە تویتێكدا دەڵێت، ئاخۆ سەیر نییە برایانمان لە سیاسەتوانانی شیعەی عێراق، بەرانبەر بە بۆردمانی وڵاتەكەیان بێدەنگن. 

روونی كردەوە، ئاخۆ بێدەنگ دەبوون ئەگەر دەوڵەتێك بە پاساوی بوونی پەنابەری سیڤیلی خەڵكی ئەو دەوڵەتە بەغدا بۆردمان بكات، بۆیە قبووڵكردنی دەستوەردانی دەرەكی و پێشێلكردنی سەروەری پرسێكی پێوەستە بە پرەنسیپەكان، رێگەنەدانیش بە دەستوەردانی وڵاتێك مانای ئەوە ناگەیەنێت رێگە بە وڵاتی تر بدرێت، بۆیە نیشتمانپەروەری تەنیا بە دروشم نابێت.

رەنگە ئەو بێدەنگییەی حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی عێراق نهێنی نەبێت، كاتێك توركیا بەر لە چەند مانگێك هاوینەهەوارێكی زاخۆی بۆردمان كرد و ژمارەیەك قوربانی لە گەشتیارانی عەرەبی عێراقی لێ كەوتەوە، دنیا هەستا و شەقامی عێراقی و ناوەندە فەرمی و نافەرمییەكانەوە ورووژان و دۆسییەكەیان گەیاندە ئەنجوومەنی ئاسایش، میلیشیاكان لە دوورەوە هەڕەشەیان لە توركیا كرد، ئەگەرچی هیچ رووی نەدا، بەڵام لەسەر هەموو ئاستەكان ناڕەزایەتی دروست بوو.

بۆردمانی ئێران بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ساڵانێكە بە پاساوی جیاواز بەردەوامە، بەڵام بەهۆی دەسەڵات و باڵادەستیی ئێران بەسەر كایەكانی سیاسی و ئابووری و تەناهی عێراق و زۆرینەی سەركردە و هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی هێز و میلیشیا شیعەكان لە ئێرانەوە نزیكن، عێراق هەڵوێستی زۆر لاوازە و نەیتوانیوە تەنانەت سەركۆنەی بۆردمانەكانیش بكات، چاودێران دەڵێن، حكوومەتێك نەتوانێت خۆی لە ناوچەی سەوز بپارێزێت، چۆن دەتوانێت ناوچە سنوورییەكانی بپارێزێت.

عەمار هیلالی، چاودێری سیاسی دەڵێت، تاكە ئامرازی دەستی هەرێمی كوردستان بۆ وەستاندن یان سنووردانان بۆ هێرشەكانی ئێران، هاوسەنگییە لە نێوان هەژموونی ئێران و دەسترۆیشتوویی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، چونكە لە 1992ەوە وەك ئەمری واقیع، ئەمەریكا چاودێر و پارێزەری سیاسی و سەربازی و تەناهیی هەرێمی كوردستانە، چەندان رێككەوتن و لێكگەیشتنی سەربازی لە نێوان هەردوولادا هەیە، ئەوە شتێكی جێگیرە.

هیلالی روونی كردەوە، راستە ئەمەریكا نایەوێ بچێتە ناو رووبەڕووبوونەوە و پەرەسەندنی سەربازی لەگەڵ ئێران لە ناوچەكە، بەڵام شێواندنی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك لەلایەن ئەمەریكا قبووڵكراو نییە، تێكشكاندنی درۆنێكی ئێرانیش لە شەوی رابردوو لە ئاسمانی هەولێر ئاماژەیەكە بۆ ئەوە، بۆیە ئەمەریكا چەندان ئامرازی هەیە كە دەتوانێت هێرشەكانی ئێران بوەستێنێت، لەوانە پێدانی سیستمی دژە درۆن بە هەرێمی كوردستان.  

دوێنێ فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی هێرشەكەی ئێرانی كرد، كۆلۆنیل جو بۆچینۆ، بەڕێوەبەری كاروباری گشتی لە فەرماندەییەكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی هێرشە بێ پاساوەكەی بەیانی ئەمڕۆی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر پارێزگای هەولێر دەكات، ئەو جۆرە هێرشە هەڕەمەكیانە هەڕەشە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان سەقامگیریی ناوچەكە دروست دەكەن، كە بە زەحمەت بەدەست هاتووە. 

روونی كردەوە، بەهۆی هێرشەكانەوە هیچ كەس لە هێزەكانی ئەمەریكا نەكوژراوە یان بریندار نەبووە، زیانیش بە كەلوپەلەكانیان نەگەیشتووە، ئاشكرای كرد كە لە سەعات 2:10 خولەكی دوای نیوەڕۆیش، هێزەكانی ئەمەریكا درۆنێكی ئێرانیان لە جۆری "موهاجیر-6"یان تێك شكاندووە، كە بەرەو هەولێر دەهات، وەك ئەوە وابوو كە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هێزەكانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە ناوچەكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل