"پارەی جووتیارانی هەرێم خەرج دەكرێت"

:: PM:08:52:29/09/2022 ‌

ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە بەغدا لەسەر خەرجكردنی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ چەند ساڵی رابردوو رازی بووە، بۆیە پارەكە لە چەند رۆژی داهاتوو خەرج دەكرێت، ئەوەیش یەكەم جار نییە باسی خەرجكردنی پارەی جووتیارانی هەرێم دەكرێت. 

عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا و خاوەن بەرهەم و یەدەگێكی گەورەی نەوت و غازە، هاوكات ساڵانێكە بەدەست دەیان تەنگژەی سەختی ئابووری و سیاسی و تەناهی و كۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت، وای كردووە ئاستی هەژاری و بێكاری و هەڵاوسان و كورتهێنانی بودجە بەرز بێت، هۆكاری سەرەكیش گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانە، لەو ناوەدا تا ئێستە جووتیارانی هەرێم چاوەڕوانی پارەی ساڵانی پێشووی گەنمەكانیان دەكەن.  
رەزامەندی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ماوە
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016، لە چوارچێوەەی یاسای ئاسایشی خۆراك خەرج دەكرێت، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانی خەرجكردنی دەدات.

ئاماژەی كرد، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو كاریان بۆ نە هێشتنی بەربەستە یاسایی و ئیدارییەكان لە نێوان وەزارەتی بازرگانی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق كردووە، توانیویانە بەربەستەكان نەهێڵن و تەنیا رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی پارەكە لەلایەن ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ماوە، كە ئەوەیش لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل