"کەرتی بازرگانی لە بەرەوپێشچووندایە و بەرهەمی ناوخۆیش باشە"

:: PM:08:15:30/09/2022 ‌
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕای دەگەیەنێت، کار بۆ ئەوە دەکەن کە بەرهەمی کەرتی پیشەسازی و بیناسازی و کشتوکاڵی لە ناوخۆ زیاتر بکرێت و پشت بە ناوخۆ ببەستن، دەشڵێت، ئەو سێ کەرتە گەشەی پێ بدرێت کاریگەری لەسەر ناوخۆیش دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی 30ی ئەیلوول، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمى كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، کاری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لە جوڵەی باش و بەرەوپێشووچوندایە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو مۆڵەتەکان زۆر باشبوون و زیادیان کردووە، لە هەوڵی ئەوەداین فراوانتری بکەین و تەنیا پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستین.

هەروەها گوتی، لە پاڵە مۆڵەتی هاوردەی خۆراک، مۆڵەتی پیشەسازی و بیناسازی و کشتوکاڵیەکانیش زیادی کردووە، مۆڵەتە بازرگانییەکان جۆراوجۆر کراون، جموجوڵە بازرگانییەکان زیادی کردووە، بەڵام لە ڕووی دانانی پارە بۆ بازرگانی زیاتر بووە لە ساڵانی ڕابردوو.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی هەروەها گوتیشی، هەر یەکە لە کەرتی بیناسازی و خۆراک و دەرمان لە ڕووی هاوردەوە زیادیان کردووە، لە پاڵ هاوردەکانیش بەرهەمی ناوخۆ کە لە ناوخۆ بەرهەم دێ فراوانتر بووە، ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین، هەر سێ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی لە ناوخۆ بگەنە ئاستێکی بەرزی بەرهەمهێنان و پێویستی ناوخۆ پڕ بکەنەوە و پێویستمان بە هاوردە نەمێنێت.

لە هەرێمی کوردستان بە هەزاران کارگەی پیشەسازی و بیناسازی و کشتوکاڵی بونیان هەیە و سەرمایەکانیان دەیان ملیار دۆلارە و بەشی زۆری پێویستی ناوخۆ پڕ دەکەنەوە و حکوومەتیش هاوکاریانە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران