كوردستان و ئوردن یاداشتێكی گرنگیان واژوو كرد

:: AM:10:38:02/10/2022 ‌
كۆمەڵەی پیاوانی كاری ئوردن و یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، یاداشتێكی هاوبەشیان لە بواری وەبەرهێناندا واژوو كرد، بڕیاریشە ئەنجوومەنێكی بازرگانی هاوبەشی كوردستان- ئوردن دروست بكەن.

ماوەی دوو رۆژە كۆڕبەندی وەبەرهێنانی ئوردن- كوردستان لە عەمانی پایتەختی ئوردن، دەستی بە كارەكانی كردووە بەمەبەستی گەشەدان بە پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و ئوردن، ئەمڕۆ ڕێككەوتنێك واژوو كرا.

بۆ فراوانكردنی پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا
ئەمڕۆ یەكشەم دووی تشرینی یەكەم، لە نێوان ئەحمەد شوكری سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، ئەحمەدی ئەلتەبا سەرۆكی كۆمەڵگەی پیاوانی كاری ئوردن، یاداشتێكیان واژوو كرد بەمەبەستی پەرەدان بە پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی بازرگانی هاوبەش.

ئامانج لە واژووكردنی یاداشتەكە بریتییە لە هاندانی بازرگانان و حكوومەت بۆ فراوانكردنی پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا، گەورەتركردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئەمە سەرەڕای چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ زیادكردنی هەلی كار لە هەرێمی كوردستان.

شاندی هەرێمی كوردستان پێكهاتوون لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و چەندان گەورە بەرپرسی تر.



وشە - رامیار جەواد