ماكس فیچه‌ر نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس بابه‌تێكی له ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی له‌باره‌ی خۆپێشاندان و ڕاپه‌رینی ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه و به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌گه‌ڕێت، كه ئایا خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له ئێران ده‌بن به هۆی له‌ناوچوون و سه‌ره‌نگومبوونی ڕژێمی ئیسلامی له‌و وڵاته؟ بۆ گه‌یشتن به وه‌ڵامه‌كه‌یش دۆخی ناوچه‌كه و جیهان و ده‌رئه‌نجامی خرۆشان و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان دژی حكوومه‌ته‌كان له ئێسته و ساڵانی ڕابردوو ده‌خاته ڕوو.
له سه‌ره‌تادا نووسه‌ر ئاماژه‌ی داوه، كه خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئێران به ته‌واوی جیاوازن، سه‌ره‌ڕای قورسی باری ئابووری و بێكاری و ڕه‌شبگیری و كپكردنی چالاكی سیاسی و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵێ، هاوكات مه‌سه‌له‌ی مافی ژن و مرۆڤیش بۆ ڕاپه‌رینی ئه‌مجاره زیادبووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی ئێرانیش له مرۆڤ‌بوون‌دا هاوبه‌شن، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و ژنیش پێوه‌سته به هه‌موو تاكێكه‌وه، بۆیه ڕژێمی ئیسلامی تا ئێسته نه‌یتوانیوه دابه‌شیان بكات و به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت، به پێچه‌وانه هێزێكی دیكتاتۆری گه‌وره‌ی وه‌ك ڕژێمی ئیسلامی ئێران ترسی زۆری لێ نیشتووه و به وریایی زۆره‌وه مامه‌ڵه ده‌كات.
به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سیاسی توێژه‌رانی زانكۆی هارڤارد زۆرێك له بزاوته جه‌ماوه‌ری و خرۆشانه جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌م سه‌ده‌یه به شكست و سه‌رنه‌كه‌وتن بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی خۆپێشاندانه‌كان كۆتاییان پێهاتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌شێك له خرۆشانه‌كان له هه‌ندێ وڵات توانیویانه سه‌ركه‌وتنی یه‌كلاكه‌ره‌وه به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام كاتێك ئه‌مه به‌راورد به خۆپێشاندان و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كانی ساڵانی بیست و سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌كه‌ین، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه خرۆشانه جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌م سه‌ده‌یه‌ی ئێسته به به‌راورد به‌و كات كه‌متر سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئامرازی پێوه‌ندیكردن و گه‌یاندنی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به خه‌ڵك و جیهان زۆر پێشكه‌وتووتر بووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌راوردكارییه‌یش مانای ئه‌وه نییه كه ده‌رئه‌نجامی هه‌موو بزووتنه‌وه و خرۆشانێكی جه‌ماوه‌ری به شكست كۆتایی پێ دێت، نزیكترین نموونه‌ی سه‌ركه‌وتنی ده‌نگی خه‌ڵك بریتییه له خۆپێشاندانه‌كانی سریلانكا، هاوكات له كاتی به‌هاری عه‌ره‌بی له ئه‌نجامی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی خه‌ڵك چه‌ندان ڕژێمی تاكڕۆ كۆتاییان پێهات و گۆڕانكاری گه‌وره ڕووی دا، به‌ڵام نموونه‌ی وه‌ك سووریا و یه‌مه‌نیشی لێ كه‌وته‌وه. به‌هه‌ر جۆرێك له جۆره‌كان حاڵه‌تی تایبه‌ت و جیاواز بوونی هه‌یه و به‌دی ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش پێوه‌سته به كولتوور و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ناڕه‌زایی و خۆپێشاندان لێیان په‌ره‌ده‌ستێنێت.
جووڵانه‌وه ناتوندوتیژه‌كان له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك زۆرترین سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه
ئیریكا چینویس پسپۆری زانسته ڕامیارییه‌كان كه سه‌رپه‌رشتیاری لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی زانكۆی هارڤاردی كردووه ده‌ڵێ، جووڵانه‌وه ناتوندوتیژه‌كان له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك زۆرترین سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌كرێ ساڵی 2020 و 2021 به خراپترین ساڵه‌كان بۆ هێزی جه‌ماوه‌ر و گه‌ل هه‌ژمار بكرێت. به پشتبه‌ستن به‌و ڕاستیانه‌یش تا ئێسته ناتوانرێت بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌سه‌ر ناڕه‌زاییه‌كانی ئێران بدرێت، كه ئاخۆ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له ڕاوه‌دوونانی سه‌رانی ڕژێم و گۆڕانكاری له وڵاته‌كه و گه‌یشتن به كاروانی ئازادی و دیموكراسی، یان ئه‌م جووڵانه‌وه‌یش چاره‌نووسی شكست ده‌بێت.
زیاتر گوتی، خۆپێشاندان و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كانی ئێسته به هۆی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به خێرایی دروست ده‌بن و به خێراییش ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك دێنه سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام به‌هۆی دیكتاتۆری دیجیتاڵی و سنوورداركردنی ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن ڕژێمه‌كانه‌وه، ئه‌مه ده‌بێته هۆی نه‌مانی ئه‌و هۆكار و ئامرازه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كه خۆپێشانده‌رانی پێ كۆ كرایه‌وه و ڕێنمایی و ئامۆژگاری و په‌یام و داواكارییه‌كان له‌لایه‌ن ڕێكخه‌رانی خۆپێشاندانه‌كانه‌وه به خه‌ڵك بگه‌یه‌نرێت، ئه‌مه گرفتێكی گه‌وره‌یه له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی جووڵانه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش چاودێری و سیخوڕیكردن به‌سه‌ر تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك به یه‌كتر بووه‌ته كاره‌ساتێكی گه‌وره له‌به‌رده‌م ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیركردنه‌وه و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش ئێسته ڕژێمی ئیسلامی ئێران هه‌موو تواناكانی خۆی چڕكردووه‌ته‌وه كه خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر به‌شێكی كۆمه‌ڵگه بچووك بكاته‌وه، كه ئه‌وانیش كورده‌كانن كه له ڕۆژئاوا و باكوری ڕۆژئاوای ئێران نیشته‌جێن، ئه‌گه‌ر تاران سه‌ركه‌وتوو بێ له دابه‌شكردنی خه‌ڵكی وڵاته‌كه و بچووككردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كورد، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌كان تووشی شكست ده‌بن و هیچ ده‌رئه‌نجامێكیان لێ ناكه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌مه‌دا شكست بهێنێت، ئه‌وا چاره‌نووسی ڕژێمی ئیسلامی له‌وپه‌ڕی خراپیدا ده‌بێت.