جارێكی تر شەڕی ساردی نێوان مەلا بەختیار و د. عەبدولواحید، بانگخوازی ئاینی دەست پێ دەكاتەوە، كە لە رێگەی هەردوو سایتی "چاودێر" و "دابڕان"ی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، كە ماوەی سێ مانگە بودجەكەیان لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بڕاوە، چەند گرتە ڤیدیۆییەكی كۆنی كورتی هێنراوە و هێرشێكی زۆر توندیش كراوەتە سەر بانگخوازە ئیسلامییەكە.
ئەمڕۆ یەكشەم 2ی تشرینی یەكەمی 2022، لە هەردوو سایتی "چاودێر" و "دابڕان"، كە سەر بە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێرن و لەلایەن مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسی یەكێتی خاوەنداریەتی دەكرێت، چەند گرتە ڤیدیۆییەكی كورت و كۆنی د. عەبدولواحید، بانگخوازی نزیك لە كۆمەڵی دادگەری كوردستان هێنراوە، گوتارێك بە ناونیشانی بانگخوازە سێكسییەكان، منداڵبازی و چاوی فول HD پۆڕن، بڵاو كراوەتەوە لەگەڵ ڤیدیۆكانی ئەو بانگخوازە.
لە گوتارەكەی هەردوو سایتەكەی مەلا بەختیار ئاماژە بەوە دراوە، جەنابتان هەموو شتێك بە سێكس و جووڵەی فیزیكی سێكس دەڕوانن، لە ڤیدیۆیەكی تری، كە بە حیساب وانەیەكی زانستی و وتارێكی ئیسلامییانەیە، دەڵێیت، موسوڵمان كاتێك ئافرەتێك دەبینێت، یەكسەر لەبەر چاویا رووتی دەكاتەوە و بێ جلوبەرگ لە مێشكی خۆیدا وێنای دەكات و رووت و قووت ئاوا دەیبینێت.
لە ماوەی رابردوودا شەڕی گەرمی میدیایی نێوان مەلا بەختیار و مەلا عەبدولەتیف هەبوو
باس لەوەیش كراوە، بەپێی ئەم قسەیە، موسوڵمان هەر چ كاتێك ئافرەتێك، ژنێك، كچێكی بینی، بە فول HD رووت و قووت دێتە بەرچاوی، وەك ئەوەی بە عیبارەتێكی تر، ئەم دكتۆرە نامەحرەمە، پێمان بڵێت هەر كچ و ژنێك ببینم وەك ئەوە وایە سەیری فیلمێكی پۆڕن، فیلمە سێكسییەكان بكەم بە فوول ئێچ دی، ئەمەی ئەم بەناو بانگخوازە، چاو سكانەرە پۆڕنییە، دەیڵێت، خۆی لە خۆیدا مەسەلەی حیجاب دەكات بە سفری پاش فاریزە، جەنابیان دەڵێت چاوی موسوڵمان ژن و ئافرەت بەو شێوەیە دەبینێت، كەواتە ژنان و كچان و خوشكان و دایكانی ئێمە باڵاپۆش بن یان حیجاب یان نیقاب و پەچەدار.
لە بەشێكی تری گوتارەكەدا نووسراوە، لەمە مەترسیدارتر و زۆر زۆر ترسناكتر، ئەوەیە كە زۆر بە ئاشكرا و بێ هیچ گرێ و گۆڵێك شەرعییەت بدەیت بە منداڵبازی و رەوایەتی بدەیت بە سێكسكردن لەگەڵ منداڵ، تۆی پزیشك، كە رۆژانە ژن و كچ و دایك و خوشكی ئێمەت دێتە بەردەست، وەك جەنابتان دەیفەرموون هەموویان رووت و قووت و بە فول ئێچ دی پۆڕن بیانبینی، تۆی پزیشك شەرعییەت بدەیت بە منداڵبازی و پێت رەوا بێت سێكس لەگەڵ منداڵدا بكرێت، منداڵ لە سێی سەرەتایی، كە نۆ ساڵە، بدرێت بە شوو و بخرێتە ژێر پیاوێكەوە و پێشت وا بێت بۆ سیحەتی منداڵ باشە.
لەكۆتادا هاتووە، ئاخیر بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئەگەر منداڵەكەت لە سێی سەرەتاییە، یان برازاكەت، خوشكەزاكەت، پورزا و ئامۆزاكەت، لە سێی سەرەتاییە، ئەخلاقی ئینسانی و ویژدان و بەهای ئینسانیت قبووڵ دەكا بیخەیتە ژێر پیاوێكەوە و سێكسی لەگەڵ بكات بەناوی شەرعەنەو هاوسەرگیرییەوە.
تۆی پزیشك هەموو پێوەرێكی مرۆیی و فسیۆلۆجیی مرۆڤ و هیچ رێسا و یاسایەكت پێ جووتێك پێڵاو بێت و بڵێیت، پێوەرێك نییە سێكس لەگەڵ منداڵ رەت بكاتەوە، تۆیەكی پزیشك لە كاتی پیشەكەتدا، هەر لەبەر ئەوەی ژنێكی جوانت وەك نەخۆش هاتە لا، بە پەلەپەل عیادەكەت جێبێڵیت و راكەیتە ماڵەوە و غەریزە شەهوانی و سێكسییەكەت تێر بكەیت و ئاوێك بكەی بە ئاگرەكەتدا و راكەیتەوە لای چارەسەری ئەو نەخۆشەی مەست و حەیرانی كردیت، هەر بەڕاستی خۆت بە دەروون تەندروست و مرۆڤێكی نۆرماڵ وێنا دەكەیت؟
پێوەست بەو گوتار و حاڵەتە سەعید كەریم، چاودێر بە"وشە"ی راگەیاند، بەپێی ئەم گوتارە و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكان بێت، شەڕێكی نوێی سارد لە نێوان مەلا بەختیار و عەبدولواحید دەستی پێ كردووە، هۆكارەكەیشی پێوەندی بەو دژایەتییە دێرینەی نێوان مەلا و بانگخوازەكە هەیە.
روونی كردەوە، ئەمە دووەمین جارە بەم شێوەیە پەیجەكانی سەر بە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، هێرش دەكەنە سەر د. عەبدولواحید و گوتارە كۆن و ڤیدیۆكانی دێننەوە، جاری یەكەم لە سەرەتای مانگی ئابی رابردووی ئەمساڵ بوو، بە هەمان شێوە گوتارێكی كۆنی ناوبراو لەبارەی ئەوەی مەككە پیرۆزە یان كوردستان كاردانەوەی گەورەی لێ كەوتەوە.
ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەیش دا، لە ماوەی رابردوودا شەڕی گەرمی میدیایی نێوان مەلا بەختیار و مەلا عەبدولەتیف هەبوو، كە چەندان رۆژی خایاند و هۆكارەكەیشی لەلایەن مەلا بەختیاری خەزووری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی ئێستەی یەكێتی بۆ بڕینی بووجەی دەزگاكەی گەڕێندرایەوە.
"بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هێرشە پێوەندی بەو بارە داراییە ئاڵۆزەوە هەیە كە ماوەی سێ مانگە دووچاری دەزگاكەی مەلا بەختیار بووەتەوە، دەیانەوێ بەو شێوەیە جارێكی تر بودجەكەی بۆ خەرج بكرێتەوە، كە كاریگەری خراپی لەسەر كارمەندانی خۆبەخشی دەزگاكە دروست كردووە، لەبەرانبەردا چاوەرێی كاردانەوەی توندی پەیجەكانی سەر بەو بانگخوازە دەكرێت، هاوكات دۆخێكی ناهەمواری تر لە ناو شەقام و سۆشیال میدیا دروست دەكات"، سەعید كەریم چاودێری سیاسی وا دەڵێت.
پێنجوێن/ تایبەت