ماوه‌یه‌كه هه‌ڵمه‌تی ترساندن و تۆقاندن له ناو شاری سلێمانی ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و كه‌سانێك به ناوی هێزی ته‌ناهیی جلی سه‌رباز و چه‌ك به‌كارده‌هێنن و ده‌چنه سه‌ر كۆگاكانی سوته‌مه‌نی و شوێنه‌كانی تر و به زه‌بری چه‌ك داوای سه‌رانه له خه‌ڵك ده‌كه‌ن و ده‌یانترسێنن.
له چه‌ند رۆژی رابردوو شه‌ش كه‌س به جلی سه‌ربازی و به‌جیا، هه‌ڵیانكووتاوه‌ته سه‌ر گۆڕه‌پانێكی سووته‌مه‌نی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه كه ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌دا ده‌گرن ئه‌گه‌ر پاره‌یان پێ نه‌ده‌ن، هه‌روه‌ها چه‌ندان حاڵه‌تی ترساندن و ته‌قه‌كردن هه‌بووه له گه‌ڕه‌كه جیاجیاكانی شاری سلێمانی و تێكدانی ئارامی شاره‌كه.
پێویسته هه‌رچی زووه، هێزه ته‌ناهییه‌كان له ئاسایش و پۆلیس ئه‌و كه‌سانه بگرن
زیاد كاكه ره‌زا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، بوونی كه‌سانی خراپ و له ده‌ره‌وه‌ی هێزه ته‌ناهییه‌كان كه خۆیان وه‌ك هێزی ته‌ناهیی ناساندووه حاڵه‌تێكی خراپ و گوماناوییه، چونكه ئه‌مه بۆ ترساندن و تۆقاندنی هاووڵاتییانه و ئامانجه‌كه‌یش دیاره بۆ وه‌رگرتنی پاره‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ڵكووتانه سه‌ر شوێنه‌كان و وه‌رگرتنی سه‌رانه ئه‌مه گرفتی گه‌وره دروست ده‌كات بۆ ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌ن كارن.
روونیشی كرده‌وه كه پێویسته هه‌رچی زووه، هێزه ته‌ناهییه‌كان له ئاسایش و پۆلیس ئه‌و كه‌سانه بگرن، چونكه ناكرێت ئه‌مه زۆر گه‌وره بێت، هه‌ركه‌س هه‌ستێت جلێكی سه‌ربازی له‌به‌ربكات و بچێته سه‌ر شوێنه‌كان و داوای پاره‌یان لێ بكه‌ن.
جێی ئاماژه‌یه، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌ڵیانكووتاوه‌ته سه‌ر كۆگای سووته‌مه‌نی، له لایه‌ن پۆلیسه‌وه گیراون و به ماده‌ی 15 له یاسای چه‌ك له لایه‌ن دادوه‌ر راگیراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی