لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، ژنێك بە دەستڕێژی فیشەك گیانی لە دەست دا، تا ئێستەیش هۆكاری كوشتنەكەی نادیارە.
ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" گەیشتووە، لەسەر شەقامێكی گەڕەكی بەختیاریی شاری سلێمانی، ژنێك درایەبەر دەستڕێژی فیشەك و گیانی لە دەست دا.
هێزە تەناهییەكان لەبارەی رووداوەكە و دۆزینەوەی بكوژەكە، سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن.
"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، پێوەندیی بە سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و سامان نادر بەرپرسی راگەیاندنی فریاكەوتنی تەندروستی سلێمانی كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە.
ئەوەیش زانراوە كە بكوژەكە ئێستە هەڵاتووە و بەرپرسانی پۆلیس و هێزە تەناهییەكان لەبارەی رووداوەكە و دۆزینەوەی بكوژەكە، سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن.
كوشتنی ئەو ژنە لە كاتێكدایە دوو هەفتەیە لەلایەن بەرپرسانی ئەو شارە، هەڵمەتێكی فراوان دژی ژنكوشتن دەستی پێ كردووە و دەیان چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دراون.