كێشەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی چەكی تێكەوت

:: PM:12:17:04/10/2022 ‌
دوای رووداوەكانی دوێنێ‌ كە چەند كەسێكی ناو باڵی عیرفان عەبدولعەزیز، بە چەكەوە چوونە سەر مەڵبەندی چواری بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەمڕۆ سكاڵایان لەسەر تۆمار كرا و بەرپرسێكی باڵی كامیل حاجی عەلی، وردەكاری ئاشكرا دەكات.

كێشەكانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بەردەوامە، ئێستە مەڵبەندێكی ئەو حزبە لەلایەن پۆلیس پارێزگاری لێ‌ دەكرێ‌ و بەهۆی هەوڵێك، هەر باڵەكە لێی كشانەوە و سكاڵاش تۆمار كرا.

ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی یەكەم، محەمەد بازیانی گوتەبێژی بزووتنەوی ئیسلامی لە باڵی كامیلی حاجی عەلی، بە "وشە"ـی راگەیاند، زۆرینەی كادر و ئەندامانی بزووتنەوە لە سنووری راپەڕین، بە رێكخراوەكانی قوتابیان و خوشكانیش، لەگەڵ حزبە نوێیەكەی كامیل حاجی عەلیدان.

لەگەڵ حزبە نوێیەكەی كامیل حاجی عەلیدان.
زیاتر گوتی، دوێنێ‌ چەند كەسێك بە چەكەوە چوونەتە سەر مەڵبەندی چواری ڕاپەڕین و قسەی نەشیاویان گوتووە، هەموو خەڵكی راپەڕین دەزانن كە زۆرینەی لایەنگری كامیلی حاجی عەلین، بۆیە ئاسایشەكانی ئەو شوێنە ڕێگرییان لەو ئاژاوەیە گرتووە.

بە گوتەی محەمەد بازیانی، ئەمڕۆ سكاڵا لەسەر ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە تۆمار دەكرێ‌ و لەڕێی دادگاوە هەوڵی چاسەركردنی كێشەكان دەدرێ‌، هەروەها دوێنێش بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت، بەرپرسانی مەڵبەند دوای ڕۆیشتن و دوورخستنەوەی ئەو كەسانە، مەڵبەندەكەیان بە خواستی خۆیان جێهێشتووە و ئێستە پۆلیسی لێیە.

لە دواین كۆنگرەی ئەو حزبە، كێشەكان سەریان هەڵداوە و چەندان جاری تر ئەگەری رووداو و جیابوونەوە لە ماوەی رابردوودا هەبوو، بەڵام بەهۆی ڕێكاری پێڕەوی حزب وەستابوون.

 



وشە - رامیار جەواد