هانده‌رانی پیاو و ژن له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ ده‌بێت "داپۆشراو" بن و رێساكان زۆر قورسن

:: PM:02:26:04/10/2022 ‌
لیژنەی ڕێکخستنی مۆندیالی تۆپی پێ لە قەتەڕ، کۆمەڵێک رێسای ئاشکرا کرد کە لەلایەن میرنشینەکەوە دانراوە، کە سەرجەم هاندەران و ئەو کەسانەی ده‌چنه‌ وڵاته‌كه‌، دەگرێتەوە، لەوانە سەپاندنی "باڵاپۆشی" و دووریی نێوان ژن و پیاو و چەندانی بابه‌تی تر.

لە بەڵگەنامەیەکی  16 لاپەڕەیی بە ناونیشانی "قەتەڕ، چی بکەین و چی نەکەین"، کە لەلایەن رادیۆی مۆنتی كارلۆی فڕەنسا بڵاوکرایەوە، رێنماییە جۆراوجۆرەکان لە 6 بەشدا دانران، کە ئەمانەی خوارەوەی لەخۆگرتووه‌:

یەکەم: زانیاری لەسەر چۆنیەتی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ قەتەڕییەکان، لە کاتی چوونە ناو ماڵەکاندا، باشتر وایە سەرەتا سڵاو لە بەتەمەنترین و ئەوانەی "پلەیان بەرزه‌" بکەن.
 سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان، بەڵگەنامەکە زۆر روونە و دەڵێت "دەستت بۆ ته‌وقه‌كردن بۆ ژنان درێژ مەکە و خۆت لە باوەشکردن بەدوور بگرە، دەتوانیت بە شێوەی زارەکی سڵاو لە ژنان بکەیت لە هەمان کاتدا مەودایەکی دیاریکراو له‌ دوور وه‌ستان بپارێزن"، هه‌روه‌ها دانانی دەستی راست لەسەر دڵ بۆ پیشاندانی سڵاو لە قەتەڕ جێگەی قبوڵکردنە.

لە بەشی دووەمی بەڵگەنامەکە باس لە مامەڵەکردنی "باش" دەکات لە کاتی نانخواردندا، بەتایبەتی دەبێت هەمیشە دەستی راست بەکاربهێنرێت بۆ خواردنەوەی چای عەرەبی یان خواردنی "مەجبوس"، کە خواردنێکی تەقلیدیی قەتەڕییە و به‌ دانیشتن لەسەر زەوی پێشکەش دەکرێت.

پاشان بەڵگەنامەکە بانگەشە بۆ یاساکانی ژیان دەکات لە شوێنە گشتییەکاندا، کە پێشنیار ناکرێت چاو لە چاوی قەتەڕییەکان بکرێت، چونکە ئەمە بە "بێ ئەدەب و نەشیاو" دادەنرێت،  یاسایەکی تر لە قەتەڕ بریتییە لە ریزیگرتن بۆ ژنان و پیاوان لە شوێنە گشتییە جیاوازەکان بۆ كڕین و به‌ده‌ستهێنانی شتومه‌ك.

پاشان رێنماییەکانی جلوبەرگ دێت، سەبارەت بە ژنان، روونە کە دەبێت "خۆیان داپۆشن"، تەنانەت ئەگەر یاسایەکیش نەبێت کە داوای ئه‌مه‌ بکات، باشتر وایە باڵاپۆش بن، بۆ ئەوەی "تێکەڵکردن و رێزگرتن لە کلتوری ناوچەکە" پارێزراو بێت، دوورکەوتنەوە لە سه‌رنجڕاکێشانی نەخوازراویش باشتره‌، لە کاتێکدا ژنان لە قەتەڕ عەبا و پیاوانیش دشداشه‌ لەبەر دەکەن، سەردانکەران داوایان لێدەکرێت جلوبەرگی "داپۆشراو" لەبەر بکەن، کە شان و ئەژنۆ داپۆشێت،  کراسێکی بێ قۆڵ و کراسی کورت و تەنوورە و تیشێرت و شۆرت قەدەغەیە و نابێت جلوبەرگی سەردانکەران زۆر ته‌سك و ته‌نك بێت.

بۆ پیاوانیش رێنوێنییه‌كان له‌ هی ژنان زۆر كه‌متر نییه‌، بۆ نموونه‌ کراسێکی بێ قۆڵ یان بێ یه‌خه‌ی زۆر نزم رێگەپێدراو نییە، رۆیشتن بە سینگی رووت بە توندی قەدەغەیە.

هه‌روه‌ها لە کەنار دەریا رێگە بە بیکینی دەدرێت، بەڵام فلیپ فلاپ "نه‌عله‌" و بیکینی بەڕازیلی ڕێگەپێدراو نییە "مایۆ"، هەروەها پێویستە ئەو جلوبەرگانەی کە دروشم یان هێمایان لەسەر بێت، کە قەتەڕ بە "نه‌شیاو"یان دەزانێت قەدەغە بکرێت و پۆشینی زێڕ رێگه‌پێدراو نییه‌، تەنیا سه‌عاتی ده‌ست و ئەڵقەی هاوسەرگیریی گونجاوە.

لە کۆتاییدا بەڵگەنامەکەدا، جارێکی تر یاساکانی تایبەت بە مەی و ماددە هۆشبەرەکان خراوەتەڕوو، هێنانی مەی و خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان لەسەر شەقام قەدەغەیە، هەروەها هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر و بەرهەمی گۆشتی بەراز قەدەغەیە، نرخی "بیره‌"ش دیاریی كراوه‌، كه‌ نیو لیتری به‌ 17 یۆرۆ دەبێت بۆ ئەوەی بەکارهێنانی قورس بێت، تەنیاش لە هەندێک کاتدا دەفرۆشرێت، هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە وێنەگرتنی هیچ بینایەکی فەرمی یان دامەزراوەیەکی پیشەسازی یان سەربازی رێگه‌پێدراو نییه‌.

ئه‌م یاسا و رێسایانه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌شتیاران و هانده‌رانی تۆپی پێ و مۆندیال، زۆر قورسن و زۆر زه‌حمه‌ته‌ هانده‌ران پێیه‌وه‌ پابه‌ند بن.



وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا