ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا: ڕۆژئاوا بووەتە زیندان بۆ خەڵکەکەی

:: PM:09:26:07/10/2022 ‌
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا ڕای دەگەیەنێت، تورک قەبوڵ ناکات پەکەکە و پەیەدە دراوسێی بن، تا ئەوان لە ڕۆژئاوا بن ڕۆژئاوا ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، ڕۆژئاوا بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ دانیشتوانەکەی، دەشڵێت، خەڵکی ڕۆژئاوا ژیانێکی قورس بەڕێ دەکات.

ئەمڕۆ هەینی حەوتی تشرینی یەکەم، کاوە ئازیزی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "دۆخی ڕۆژئاوا لە خراپیدایە بەهۆی تورکیاوە، ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی کەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی کار و کارەبا و ئاو لەوپەڕی خراپیدایە و خەڵکی ڕۆژئاوای ئێسته‌ دۆخێکی ناهەموار بەڕێ دەکەن، خوێندنی ئازاد نەماوە."

هەروەها گوتی، "لەڕووی ئارامی و ناسەقامگیری لەوپەری خراپیدایە، هێرشی بەردەوامی سەر ڕۆژئاوا و بوونی هێزی توندڕە و وایکردووە خەڵک بەردەوام لە مەترسیدان، هێرشی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و عەرەبی ناو ناوچەی فورات، هەمووی تێکەڵ بووە بەسەر یەکدا و تورکیایش لەو لاوە بوەستێت و هێرشەکانی قەسەدە و پەیەدە لەسەر ئەنەکەسە و پارتی سووریا، سەقامگیری لە ڕۆژئاوا نەماوە."

ئاماژه‌ى دا، ڕۆژئاوا ئارام نییە، تا پەکەکە لەوێبێت، تورک قەبوڵ ناکات پەکەکە و پەیەدە دراوسێی بن، تا ئەوان لە ڕۆژئاوا بن ڕۆژئاوا ئارامی بەخۆیەوە نابینێ، ڕۆژئاوا بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ دانیشتوانەکەی، ژیان لە ڕۆژئاوا زۆر قورس بووە و خەڵک تووشی ترس بوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران