دوای ته‌نیا دوو دۆڕان له ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێی خولی نایابی عێراقی ئه‌م وه‌رزه و له پێشهاتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا، نزار مه‌حرووس راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر، ده‌ستی له كار كێشایه‌وه، جێی سه‌رنجیش بوو راسته‌وخۆ ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌كه‌ش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان قبوڵ كرد.
یانه‌ی هه‌ولێر ئێواره‌ی شه‌موو 15ی ئۆكتۆبه‌ر له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی له گه‌ڕی دووه‌می خولی عێراق به ئه‌نجامی 0-1 گۆڵ به یانه‌ی كاره‌با دۆڕا، له دوای یارییه‌كه نزار مه‌حرووسی راهێنه‌ری یانه‌كه و ستافه‌كه‌ی ده‌ستیان له كار كێشایه‌وه.
ئه‌م بڕیاره جۆرێك بوو له شۆك بۆ چاودێران و به‌شێكی زۆری هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر.
"وشه سپۆرت" چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كاپتن نزار مه‌حرووس ئه‌نجام دا، بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاری بڕیاره‌كه‌ی و بارودۆخی تیپه‌كه و سه‌رنجه‌كانی ئه‌و بۆ خوێنه‌ران بخاته ڕوو.
*بۆچی وا به خێرایی ده‌ستت له كاركێشایه‌وه، پێت وانییه پێویست بوو به لای كه‌م تا پێنج یاری چاوه‌ڕێ بكه‌یت؟
به‌داخه‌وه‌م بۆ بڕیاره‌كه، راسته په‌له‌مان كرد، به‌ڵام بارودۆخه‌كه وای ده‌ویست، جه‌ماوه‌ر فشاریان له‌سه‌ر ده‌سته‌ی كارگێڕی و یاریزانه‌كان زیاتر كردبوو، لێت ناشارمه‌وه به‌شێك له یاریزانه‌كان زۆر ده‌ترسان، به تایبه‌تی له گێمی دووه‌می یارییه‌كه‌ی كاره‌با، بۆیه من خۆم و ستافه‌كه‌م كرده قوربانی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له ئێسته‌وه بارودۆخی یانه‌كه تێك نه‌چێت و ئه‌نجامه‌كان خراپتر نه‌بن.
*به‌ڵام تۆ ئه‌زموومنێكی زۆرت هه‌یه و نه‌ده‌كرا رووبه‌ڕووی ئه‌م فشارانه ببیته‌وه، به لای كه‌م تا چه‌ند یارییه‌كی تر؟
راستییه‌كه‌ی دیار بوو كه "به‌شێكی جه‌ماوه‌ر" ناڵێم هه‌موویان، داوای ئه‌نجامی خێرا ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕێ ناكه‌ن، كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كارگێڕییش هه‌بوو، فشاریان زۆر بوو، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وان له بیریان چوو وه‌رزی رابردوو ئێمه تیپه‌كه‌مان له خراپترین بارودۆخدا وه‌رگرت و له مه‌ترسی رزگارمان كرد، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌م وه‌رزه سه‌بر و ئارامییان نه‌بوو، به‌ڵام خۆ ئێمه‌ش داری سیحرییمان به‌ده‌سته‌وه نییه و هه‌رده‌بێت هه‌نگاو به هه‌نگاو بچینه پێشه‌وه.
*كاپتن به‌ڵام هه‌ست به كێشه‌ی هونه‌ری و ته‌كتیكی له تیپه‌كه ده‌كرا، به تایبه‌تی له‌و دوو یارییه‌دا، وایه؟
ئێمه هێشته نه‌گه‌یشتبووینه لووتكه و ته‌واوی ئاماده‌كاری، ئێمه تیپێكی نوێمان دروست كرد، پێویستمان به كاتی زۆرتر بوو، جگه له‌وه ئیداره‌ی یانه‌كه به هۆی كێشه‌ی دارایی نه‌یانتوانی به‌شێكی گرنگی داواكارییه‌كانی ئێمه جێبه‌جێ بكه‌ن، داوای یاریزانێكی پیشه‌گه‌ری ترمان كردبوو، به‌ڵام دابین نه‌كرا، كه ئێسته چوار پیشه‌گه‌ری هه‌یه، داوای كه‌مپی مه‌شقییمان له توركیا كردبوو، بڕیار بوو 5 یاریی ئاماده‌كاری له توركیا بكه‌ین، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كرا، ئه‌وانه هۆكار بوون كه نه‌گه‌ینه فۆرمه‌ی ته‌واوی تیپه‌كه و وه‌ستان له‌سه‌ر توانای ته‌واوی تیپه‌كه و یاریزانان.
*به‌ڵام ده‌گوترێت ته‌واوی یاریزانه‌كان خۆت هه‌ڵبژاردوون، ئه‌گه‌ر وایه بۆچی ئاستیان وه‌ك پێویست نه‌بووه تا ئێسته.
نه‌خێر ئه‌مه راست نییه، لیژنه‌یه‌كی شه‌ش كه‌سی یاریزانه‌كانیان هه‌ڵبژاردووه، پێنج كه‌س له ده‌سته‌ی كارگێڕی و شه‌شه‌میان من بووم، هیچ یاریزانێك به‌بێ ره‌زامه‌ندیی ئه‌و لیژنه‌یه نه‌هاتووه، ته‌نانه‌ت من له پشوو بووم، دواتر یاریزانیان هێناوه و ئینجا رای منیان وه‌رگرتووه و له‌سه‌ری رازی بوومه.
*مامه‌ڵه‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕی له‌گه‌ڵ ئێوه چۆن بووه له‌م ماوه‌یه‌دا؟
من سوپاسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌م، ئه‌وان به پێی توانای خۆیان هیچ درێغییان نه‌كردووه و زۆر باش بوون، به‌ڵام یه‌ك شت گرنگ بوو، ده‌بووایه له رێگه‌ی میدیای یانه‌كه و میدیاكانی تره‌وه له سه‌ره‌تای وه‌رزه‌وه به به‌یاننامه و هۆكاری تر، ئامانجه‌كانی تیپه‌كه له‌م وه‌رزه روون بكه‌نه‌وه له ژێر رۆشنایی توانا و ئاماده‌كارییه‌كانی تیپه‌كه، ده‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی هانده‌ران كار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك تێبگه‌ن ئێمه چۆن خۆمان ئاماده كردووه و ئامانجمان چییه له‌م وه‌رزه‌دا، من زمانی كوردی نازانم، بۆیه سه‌یری میدیای كوردی ناكه‌م، به‌ڵام هه‌ستم كرد لێكتێنگه‌یشتن هه‌یه سه‌باره‌ت به ئامانج و توانای ئێمه و داواكاریی جه‌ماوه‌ر، بۆیه‌ش گه‌یشتمه ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌ستله‌كاربكێشمه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ینه بارودۆخێك كه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، راستییه‌كه‌ی من خۆم و ستافه‌كه‌م كرده قوربانی له پێناو یانه‌كه.
*به راشكاوی، له‌و به‌رپرسانه‌ی كه پاڵپشتیی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له سه‌رۆك و ئه‌ندامانی یانه‌كه، كه‌س فشاری لێ كردووی، یان ته‌ده‌خولیان له كاروباری تۆ كردووه؟
به ئه‌مانه‌ته‌وه ده‌ڵێم، هیچ كه‌سێك له به‌رپرسان و ئیداره‌ی یانه‌كه‌ش، به هیچ جۆرێك ده‌ستیان له كار و بڕیاره‌كانی ئێمه وه‌رنه‌داوه و ئه‌وان به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه هه‌بووه، هاوكاربوون.
*دواپرسیار، وێستگه‌ی داهاتووت كوێ ده‌بێت؟
-هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌ندێك پشوو بده‌م، دواتر بزانین چۆن ده‌بێت و خوای گه‌وره ده‌رفه‌تی كارێكی ترمان پێ ده‌دات ئینشائه‌ڵڵا، ده‌مه‌وێت سوپاسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌ی هه‌ولێر بكه‌م كه بۆ ئێمه كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوون و هیوادارم ئه‌نجامه‌كانی یانه‌كه له داهاتوودا باشبن.
پرۆفایل
نزار مه‌حرووس، راهێنه‌رێكی سووریاییه، له 1963 له‌دایكبووه.
یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی سووریا بووه
تا ساڵی 1994 یاریی كردووه و دواتر بووه‌ته راهێنه‌ر
له سێ قۆناغی جیاوازدا مه‌شقی به هه‌ڵبژارده‌ی سووریا كردووه
جگه له یانه‌ی هه‌ولێر، تا ئێسته مه‌شقی به نزیكه‌ی 15 یانه كردووه له وڵاتانی سووریا، ئوردن، لوبنان، سعوودیه و ئیمارات و وڵاتی تر.
له 2012 نازناوی خولی عێراقی بۆ هه‌ولێر به‌ده‌ست هێنا و هه‌مان ساڵ تیپه‌كه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوودا گه‌یانده یاریی كۆتایی جامی یه‌كێتیی ئاسیا و پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ست هێنا.
نزار مه‌حرووس خاوه‌نی ده‌یان نازناوه له ئاستی یانه‌كان له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا.