سوودانی باسی گۆڕینی نرخی دۆلار دەكات

:: PM:07:29:01/11/2022 ‌

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێی وەزیرانی عێراق دووەم كۆبوونەوەی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی ساز كرد و چەند بڕیارێكی گرنگی دا، لە دوای كۆبوونەوەكە سوودانی رای گەیاند كە گۆڕینی نرخی دۆلار لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە و حكوومەتەكەی كار لەسەر پاراستنی چینی هەژار لە كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەكات.

سوودانی پێوەست بە بودجەی 2023ی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، سوورین لەسەر پێشكێشكردنی بودجەكە بە زووترین كات، هاوكات پاڵپشتی لە بانكی ناوەندی و سیاسەتەكانی دارایی دەكەین، دووپاتی كردەوە كە بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار رێوشوێنی پێویستی لەگەڵ نەگیرایە بەر بۆ پاراستنی چینی هەژار لە كاریگەرییەكانی، بۆیە ئێمە ئەو رێوشوێنانە وەردەگرین، ئەوەیش وەك ئاماژەیەك بەوەی نرخی دۆلار وەك خۆ دەمێنێتەوە و بڕیارەكە لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە سوودانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا روونی كردەوە، سازكردنی هەڵبژاردنێكی تری پێشوەختە پێوەستە بە توانای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بۆیە هەركاتێك پەرلەمان خۆی هەڵوەشاندەوە ئەوكات هەڵبژاردنی نوێ ساز دەكرێت، ئاماژەی كرد، هەرچی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خۆجێییەكانە لە مانكی 10ی ساڵی داهاتوو دەكرێت.  

سوودانی /52 ساڵ/، كە لە 27ی مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانە بە كابینەی حكوومەتەكەی درا دووپاتی كردەوە، پرۆسەی نەهێشتنی گەندەڵی و راوەدوونانی گەندەڵكاران و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان و ئەوانەی بردراونەتە دەرەوەی عێراق بەردەوام دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل