مالیكی پێشنیازی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار دەكات

:: PM:06:24:02/11/2022 ‌

بەهەموو پێوەر و بە بۆچوونی هەموو چاودێر و شارەزایانی سیاسی ئەو حكوومەتی ئێستەی محەمەد شیاع سوودانی، حكوومەتی نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە، تەنانەت هەندێك بە سێیەم ماوەی دەسەڵاتی مالیكی دادەنێن، دەڵێن سوودانی دەستەڕاستی مالیكییە، بۆیە هزر و بۆچوونەكانی مالیكی، سوودانی ئاراستە دەكەن، ئەمڕۆ پێشنیازێكی سەبارەت بە نرخی دۆلار كرد.  

لە ماوەی رابردوو، بەتایبەتی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژارنی پێشوەختە و لەكاتی زیادكردنی نرخی دۆلاریش، هێزە شیعەكانی سەر بە ئێران رەخنە و ناڕەزایەتی توندیان لەو كارە گرت بەوەی هەژاران زەرەر دەكەن، ئێستە حكوومەت خۆیان بەڕێوەی دەبەن، كەچی دوێنێ سوودانی هەمووانی بێ ئومێد كرد و ناراستەوخۆ ئاماژەی بۆ مانەوەی نرخی دۆلار وەك خۆی كرد.
مالیكی كاریگەریی قسەكانی سوودانی سووك دەكات
ئەمڕۆ چوارشەم نووری مالیكی، لە تویتێكدا پێشنیازی ئەوەی كرد كە چارەسەرێكی ناوەند بۆ پرسی گۆڕینی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار هەیە، ئەویش نرخی دۆلارێك بكرێتە 1375 دینار، ئەوەیش بۆ نەهێشتنی زیانكردنی هاووڵاتییان یان لەسەر ئابووری نیشتمانی، دووپاتی كردەوە، كەمكردنەوەی نرخی دۆلار و چارەسەرنەكردنی كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر هاووڵاتییان، تەنگژەیەكی قووڵی ئابووری و بژێوی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.

روونی كردەوە، ئەوكات باسی پێویستی چارەسەركردنمان كرد، ئێستەیش ئەو دۆسیە لەبەردەم حكوومەتە و پێویستە بەشێوەیەك چارەسەر بكرێت كە زیان بە هاووڵاتییان و ئابووری نیشتمانی نەگات، ئەوەیش لە رێگەی دانانی پلانێكی تۆكمە بۆ ئەو مەبەستە.

لای خۆیەوە بەرپرسێكی بانكی ناوەندی عێراق، كە ناوی ئاشكرا نەكرد تەنیا لایەنە دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی دراوی هەیە، سەبارەت بە پێشنیازەكەی مالیكی گوتی، بانكی ناوەندی نیازی ئەوەی نییە لە ماوەی داهاتوودا لەسەر هەردوو ئاستی نزیك و دوورەوە، نرخی دۆلار بەرانبەر بە دنیار بگۆڕێت، چونكە هەر دەستكارییەكی نرخەكە كاریگەری گەورەی نەرێنی بۆ سەر ئابووری عێراق دەبێت، ئەوە بڕیاری بانكەكەیە و بە حكوومەتی نوێشی راگەیاندووە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل