"وشە" ناوی ئەو مادە خۆراكییە بڵاو دەكاتەوە كە بۆ بەشە خۆراك زیاد كراوە

:: AM:11:20:05/11/2022 ‌
سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی بازرگانی كردووە، كوالێتی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان باشتر بكرێت و بۆ بارسووكی لە سەرشانی هاووڵاتییان. داواشی كردووە مادەی تری بۆ زیاد بكرێت.

دوێنێ‌ نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، پێویستە لەسەر حكوومەت مادە خۆراكییەكانی فۆرمی خۆراكی هاووڵاتییان دەستەبەر بكات، مادەیەكی تری خۆراكیش زیاد بكات.

كەمێك پێداویستی بۆ خێزانە هەژارەكان دابین بكرێ‌
ئەمڕۆ شەموو پێنجی تشرینی دووەم، رەشاد سەمیح بازرگانی خۆراك، بە "وشە"ـی راگەیاند، كوالێتی بەشە خۆراك هەموومان دەزانین باش نییە، بەڵام بە زیاكردنی پشكی تر، دەتوانرێ‌ كەمێك پێداویستی بۆ خێزانە هەژارەكان دابین بكرێ‌.

زیاتر گوتی، ئەگەر جۆر و كوالێتی مادە خۆراكییەكانی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان باشتر بكەن، هەوڵ بدەن مادەی تریشی بۆ زیاد بكەن، ئێستە تەنیا یەك شت هەیە دەتوانرێ‌ كاری لەسەر بكرێ‌ و نۆ ساڵی رابردوو بڕاوە، ئەویش تایت و سابوونە.

باسی لەوەش كرد، زیادكردنی ئەو بەشە بۆ خۆراكی مانگانە، بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی پێداویستییە لە بازاڕەكاندا و سەقامگیریی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بارسووكی لە سەرشانی هاووڵاتییانە.




وشە - رامیار جەواد