دکتور كه‌مال وه‌رتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باجی كوردستان، له چاوپێكه‌وتنێكی "وشه"دا ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، چاكسازیی باش له سیستمی باج كراوه و سه‌تان كۆمپانیا دراونه‌ته دادگا، هه‌زاران كۆمپانیاش پێبژاردنیان بۆ كراوه، ساڵانه‌ش زیاتر له 800 ملیار دینار باج كۆ ده‌كرێته‌وه و بەراورد بە حەوت ساڵ لەمەوبەر چوار هێندە زیادی کردووە.
چاكسازییه‌كان له سیستمی باج له ماوه‌ی سێ حكوومه‌ت گه‌یشتووه به‌كوێ؟
سیستمی باج له هه‌موو دنیادا بابه‌تێكی هه‌ستیاره، به‌ڵام له ژێر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆ، كار بۆ رێككخستنه‌وه‌ی باج كراوه، كۆمه‌ڵێك چاكسازی كراون به‌تایبه‌ت له كۆمپانیا گه‌وره‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی زۆرباش باجی شایسته‌یان لێ وه‌ده‌گیرێ.
حكوومه‌ت باج له كێ وه‌رده‌گرێ؟
حكوومه‌ت فۆكسی له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌یه كه داهاتی گه‌وره‌یان هه‌یه و باج ده‌ده‌نه حكوومه‌ت، نه‌ك چینی هه‌ژار و مامناوه‌ند، بۆیه ئێمه تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر گه‌وره باجده‌ران، له‌به‌رئه‌وه فه‌رمانگه‌یه‌ك كه به‌ناوی"گه‌وره باجده‌ران" كراوه‌ته‌وه، كارمه‌ندی تایبه‌تمه‌ند و پسپۆریشیان بۆ دانراوه، تا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زانستییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و باجده‌رانه بكه‌ن.
ئێسته خۆدزینه‌وه له باج ماوه؟
له رابردوودا ئه‌وانه‌ی خۆیان له باج ده‌دزییه‌وه وه‌ك "پاڵه‌وان" خۆیان وێنا ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته به‌شێوه‌یه‌كی زۆرباش ئه‌وه رێك خراوه‌ته‌وه و به سه‌تان كۆمپانیا دراون به دادگا و هه‌زاران كۆمپانیایش پێبژاردن "غرامه‌كردن"یان بۆ كراوه، هه‌روه‌ها خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیا، رێگری چوونه ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان لێ كراوه و پاره‌كانیان بلۆك كراون، ئه‌مانه‌ش هۆكار بوون بۆ زیادبوونی داهاتی باج و به‌بێ ئه‌وه‌ی یاساكانی باج گۆڕابن، ته‌نیا یاساكه جێبه‌جێ كراوه.
داهاتی باج له خزمه‌تی خه‌ڵك خه‌رج ده‌كرێته‌وه؟
رێكخستنه‌وه‌ی باج، جیاوازیی چینایه‌تی له‌ناو كۆمه‌ڵگه كه‌م ده‌كاته‌وه و خه‌ڵك هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌كه‌ن، خزمه‌تگوزاری و كوالێتییه‌كه‌شی باشتر ده‌بێ و مووچه له كاتی خۆی ده‌درێت، ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و رێكخستنانه نه‌كه‌ین، ئه‌وا به‌رده‌وام له‌ناو ته‌نگژه‌دا ده‌ژین و باج له خزمه‌تی خه‌ڵك خه‌رج ده‌كرێته‌وه.
كۆمپانیا له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه باج نه‌دات؟
هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی پێویست بێ له چوارچێوه‌ی یاسا باج بده‌ن، ده‌بێ باج بده‌ن، بۆیه ئه‌وه‌ی له شه‌قام ده‌گوترێ كه فڵانه كۆمپانیا باج نادات، ئه‌وا ته‌نیا "ده‌نگۆیه"، ره‌نگه ئه‌و كۆمپانیایه مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانی هه‌بێ، ئه‌مه‌یش به‌پێی یاسا بۆ ماوه‌ی (10 ساڵ) له باج ده‌به‌خشرێ، ئه‌وانه‌ش خۆیان له باج ده‌دزنه‌وه، ئێمه رێكاری یاسایی به‌رانبه‌ر ده‌گرینه‌به‌ر.
باج له سه‌دا چه‌ندی كۆی گشتی بودجه‌ی گشتی وڵات پێك ده‌هێنێت؟
له ساڵانی پێشتر 1% بوو، به‌ڵام به‌و رێكخستنه‌وه و چاكسازییانه له سیستمی باج، ئێسته 5% پێكدێنێت، بۆیه ئه‌گه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی ته‌واوی باج بكرێت، ره‌نگه بگاته 20 بۆ 30% به‌چاكسازی به‌رده‌وام به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین.
ساڵانه داهاتی باج چه‌نده؟
به‌راورد به ساڵی 2015 یان 2016 ئه‌گه‌ر ساڵانه 200 ملیار بووبێ، ئه‌وا ئێسته ساڵانه زیاتر له 800 ملیار دیناره، به‌ڵام ئه‌و داهاته داهاتی راسته‌قینه نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێ زۆر له‌وه زیاتر بێن، ئه‌ویش له‌ڕێی هۆشیاری خه‌ڵك و دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت، تا خه‌ڵك هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه باج ده‌ده‌ن بۆ خزمه‌تی ئه‌وان به‌كار دێته‌وه و به‌دڵنیاییشه‌وه هه‌ر بۆ ئه‌وان به‌كار دێنه‌وه.