بارانێكی بە لافاو بەڕێگەوەیە

:: PM:06:10:09/11/2022 ‌

كەشوهەوای عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە باران و تەڕە، كەشناسێك دەڵێت، لە هەینی داهاتووەوە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكەونە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی بارانی بەلێزمە، بەشێوەیەك رێگەوبان و شوێنە نزمەكان ژێرئاو دەكەون.

عەلی جابر زیادی، كەشناس دەڵێت، وریایی لە توندی و بەلێزمەیی باران لە هەندێك ناوچە دەدەین، بەتایبەتی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، كە ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە رێگەوبان و شوێنە نزمەكان ژێرئاو بكەون. 

روونی كردەوە، ئەو شەپۆلەی بارانبارینە بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ بۆ ماوچەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، برووسك و تەرزەشی لەگەڵدا دەبێت، جیا لەوە شەپۆلێكی تری باران بەڕێگەوەیە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە دەست پێ دەكات و بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ تا كۆتای ئەم مانگە ئەگەری باران دەبێت.  

لای خۆیەوە بەشی پێشبینی كەشوهەوا لە دەستەی كەشناسی عێراق دەڵێت، لە هەینی داهاتووەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ عێراق دەكەوێتە ژێر كاریگەری نزمە كەشوهەوایەكی هاتوو لە دەریای سوورەوە.

روونی كردەوە، دانی بەیانی هەینی داهاتوو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، لە دهۆك و باكوری هەولێر و رۆژهەڵاتی سلێمانی، نیوچە هەور و سووكە بارانێكی بە برووسك دەبێت، بەرە بەرە بەرەو نەمان دەچێت، شەمووش كەشوهەواكە ساماڵ دەبێت، بەڵام پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل