بۆمبەكەی ناو یەكێتی تەقییەوە

:: AM:09:26:13/11/2022 ‌
ئەفسەرێكی باڵا چەند نهێنییەكی ناو یەكێتیی ئاشكرا كرد و رای گەیاند، سنووری یەكێتی هەرچی بكوژە پاسەوانی بۆ دابین كراوە و خانووی دراوەتێ‌، دەیان كەس فەرمانی گرتنیان بە تاوانی كوشتن هەیە و كەس نایانگرێ‌.

ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی تشرینی دووەم، لە روونكردنەوەیەكی لیوا سەمەد بێتواتەییدا هاتووە، بەپێویستم زانی وەڵامی كەناڵە چەواشەكارییەكان بدەمەوە، چەند ڕۆژێكە بەمەبەست جەمیل هەورامی و كەناڵەكانی حزبەكەی دێن باسی ئێمەمانان دەكەن كە گوایە ئێمە تاوانبارین و تاوانمان ئەنجام داوە و داڵدە دراوین. من زانیومە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووس دەبێ ڕاست و دروستی ڕووداوەكان وەك خۆی بۆ ڕای گشتی باس بكەن نەك بۆ مەرامی سیاسیی حزبەكەیان بێت چەواشەكاری بكەن، من بە كەناڵەكانیان دەڵێم كە دێن باسی ڕووداوەكە دەكەن، بۆ وەك خۆی باسی ناكەن و بۆ نایەن بڵێن لە 29/1/2020 گرووپێك پێكهاتبوون لە 11 كەس لەناو گوندی دواوە، كوڕەكەی سەمەد بێتواتەییان شەهید كرد بەناوی فەرمان، بێ ئەوەی هیچ تاوانێكی ئەنجام دابێ یان موستەحەقی كوشتن بێت.

ئەی بۆ نایەن باسی ئەوە بكەن كە لەناو شارۆكەی ڕانیە لە بەردەم بنكە پۆلیس و لەناو بازاڕ، موراد كانی كوردەیی و سێ لە پاسەوانەكانیان كوشت
ئەو ئەفسەرە دەڵێت، ئێمە كێشەكەمان بردە بەردەم دادگا و دوو پارێزەرمان بۆ گرت، شەش شاهید هاتن و  شاهیدییەكەیان پشتڕاست كردەوە، گوتیان ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە، دادگای بەرایی لەگەڵ داواكاری گشتی و پۆلیس و ئاسایش، هەستان بە لێكۆڵینەوە، هاتن بۆ شوێنی ڕووداوەكە و كەشف دەلالەیان بۆ كرد، بۆیان دەركەوت لە سێ‌ شوێنەوە بۆسەیان بۆ دانابووەوە و بە سێ جۆری چەك كە بریتی بوون لە ئێمفۆڕ و كلاشنكۆف و دەمانچە، تەقەیان لە شەهید فەرمان كردبوو و دواتر بەبرینداری تەواویان كردبوو، هەروەها لە هەمان ڕۆژ كە شەهید فەرمانیان شەهید كرد، پۆلیس هەموو ئەو قەوانانەیان هەڵگرتەوە كە لە تاوانەكە بەكار هاتبوون و بردنیانە بەردەمی دادگا.

بە گوتەی سەمەدی بێتواتەیی، دواتر  بۆیان دەركەوت ئەوانەی لە پشت پەردەوە دەستیان لە كوشتنی شەهید فەرمان هەبوو، بەفەرمانی ئەوان ئەو تاوانەیان ئەنجام دابوو، هەر ئەوانیش ویستان كەیسەكە بەلاڕێدا ببەن و ئەو تاوانە گەورەیە بچووك بكەنەوە، كە كەسێك لە تۆمەتباران بڵێ من ئەو تاوانەم ئەنجام داوە و باقی 10 كەسەكەی تر بێتاوان دەربچن، ئەو سێ تاوانبارەی كە سزای خۆیان وەرگرت، بكوژی ڕاستەقینەی شەهید فەرمان بوون.
 
"حزبەكەی جەمیل هەورامی و كەناڵە چەواشەكارییەكان كە دێن باسی ئێمە دەكەن، ئەی بۆ نایەن باسی ئەوە بكەن كە لەناو شارۆكەی ڕانیە لە بەردەم بنكە پۆلیس و لەناو بازاڕ، موراد كانی كوردەیی و سێ لە پاسەوانەكانیان كوشت، بكوژەكانیان لە كوێن و لە زیندانن؟ دۆسیەیان هەیە لە مەحكەمە؟ یان هەدیە و پاداشت كراون؟. ئەی بۆ ناچن ڤیدیۆی كوشتنی موراد كانی كوردەیی بڵاو بكەنەوە بۆ ڕای گشتی كە كێ ئەو تاوانەی ئەنجام داوە؟"، سەمەد بێتواتەیی وا دەڵێت.

ئەو بەرپرسە سەربازییە دەڵێت، من بە جەمیل هەورامی دەڵێم كە باسی یاسا و سەروەری یاسا دەكات، بۆ ناچێ باسی كوڕەكەی خۆی بكات كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستە، تەقەی لە خەڵك كرد و برینداری كردن، كچی خەڵك دەڕفێنێت، بۆ گرتەی ڤیدیۆیی ئەو ڕووداوە بڵاو ناكەنەوە؟! ئەوەیە سەروەری یاسا لەلای ئەوان.

ئەوەش هاتووە، ئەگەر ئێوە باسی یاسا و سەروەری یاسا دەكەن، لە زۆنەكەی ئێوە سەتان كەستان داڵدە داوە كە تۆمەتبارن بەمادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، دەتوانم ناوی یەك بەیەكی ئەو كەسانەتان پێ بڵێم كە داڵدە دراون لە ڕانیە و چوارقوڕنە و قەڵادزێ‌ و سلێمانی، كە بۆ هەموویان پاسەوانتان بۆ دابین كردووە، خانووتان داونەتێ و بۆ هەندێكیان سریە و فەوجتان بۆ كردوونەتەوە، بەڵام من وەك ئێوە بێ ئەدەب نیم و باسی كەس ناكەم، كێشەی كۆمەڵایەتی تێكەڵاوی كێشەی تیرۆریستی ناكەم، ئەمانە كە كێشەی كۆمەڵایەتییان هەیە بە كێشەكەی ئێمەشەوە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی قابیلی چارەسەرە.

ئەو ئەفسەرە بە جەمیل هەورامی دەڵێت، ئێوە دەتانەوێت كردەوەیەكی تیرۆریستی كە لەناو پایتەختی هەرێمی كوردستان لە بەرچاوی سەتان كونسوڵگە و نوێنەری وڵاتان ئەنجام دراوە، ئەو تاوانە گەورە و قێزەونە بەراورد بكەن بەكێشەیەكی كۆمەڵایەتی و چەواشەكاری بكەن و وەك خۆی باسی نەكەن و خۆڵ بكەنە چاوی خەڵك، ئەمڕۆ خەڵك هۆشیارە كاغەزی سپی دەخوێنێتەوە، هەروەها ئەوانەی بەشدار بوون لە شەهیدكردنی كوڕەكەم، ئێستە بە ئازادی لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی دەسووڕێنەوە و كارئاسانییان بۆ دەكرێ لە لایەن پۆلیس و ئاسایشی ئەو ناوچەیە، سەرەكیترینیان بە ناوی سۆران ڕەزا عومەر لە دادگای ڕانیە و حاجیاوا و دووكان، داواكراوە و زیاتر لە 10 فەرمانی گرتنی هەیە كە سەرەكیترینیان مادەی 406 ـە كە كوشتی ئەنقەستە، ئازادانە لەو سنوورە دەسووڕێتەوە و ڕۆژانە سەرانە لە خەڵك وەردەگرێ و تەعدا لە خەڵك دەكات، پێشمەرگەیە لە لیوای 124ـی خۆشناوەتی سەربە یەكەی 70ی یەكێتی و مووچەی خۆی وەردەگرێ، دەسەڵاتی ناوچەكە نەك ئامادە نین بیگرن، بەڵكو دەستكراوە كراوە.




وشە - رامیار جەواد