سەركردەیەكی سەرایای سەلامی سەربە سەدر دەكوژرێت

:: AM:09:16:24/11/2022 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە باشووری عێراق ئەمڕۆ رای گەیاندووە، لەلایەن كەسانی نەناسەوە سەركردەیەكی سەرایای سەلامی سەربە موقتەدا سەدر كوژرا، بكوژیش دوای كردەكەی هەڵاتووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، كەسێكی نەناس لە شاری عیمارە، تەقەی لە سەركردەیەكی سەرایای سەلامی سەربە رەوتی سەدر كردووە و دەستبەجێ كوشتوویەتی، هاوكات كەسێكی تریشی بریندار كردووە، دوای كردەكەی بەرەو شوێنی نادیار هەڵاتووە.

پێشتر كە رەوتی سەدر بەرەیكی جیاواز لە لایەنە شیعییەكانی عێراق بوو و زۆرترین كورسیی لە هەڵبژاردنی پێشتری عێراق بەدەست هێنابوو، بە دژایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیتوانی حكوومەت پێكبێنێت، دواتریش لە پەرلەمانی عێراق كشایەوە و خۆپێشاندانی فراوانی دەست پیێ كرد. پاشان لە هەڵوێستێكدا موقتەدا سەدر رای گەیاند كە ئیتر لە بازنەی سیاسەت دێتە دەرەوە.

سەرایای سەلام هێزی چەكداری سەربە رەوتی سەدرە، پێشتریش چەند جارێك بەهۆی ململانێكانیان لەگەڵ لایەنە شیعییەكان و بەتایبەتی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی، كوشتن لە نێوانیان رووی دابوو.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د