پارتی پەیامێك ئاراستەی یەكێتی دەكات

:: PM:02:21:24/11/2022 ‌
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لە دواین گۆڕانكارییەكانی ناو پارتی كرد و گوتی، پارتی لاپەڕەیەكی نوێ‌ هەڵدەداتەوە لەگەڵ لایەنەكان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی تشرینی دووەم، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەو گۆڕانكارییانەی لەناو پارتی كراون پێویست بوون، ئەو كەسانەی لە پۆستی حكوومین و لە پارتی پۆستیان وەرگرتووە، لادەبرێن و ئەو هەنگاوە دەستی پێ‌ كردووە.

زیاتر گوتی، كۆنگرە بۆ ئەو شتەیە چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بگونجێنێت تا لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئێستە بێ، هەروەها بەرنامەی نوێی پارتی بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئێستە كۆمەڵگەی كوردستان و سیاسەت پێویستییەتی ئەو هەیكەلە بتوانێ پرۆگرامی خۆی جێبەجێ‌ بكات، بگونجێت.

لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حزبەكان لەگەڵ یەكێتی، ئێمە خۆمان لە رابردوو دەستپێشخەریمان كردووە، هەوڵمان داوە بەردەوام دەرگای گفتوگۆمان كراوە بوو، بەردەوام لە هەوڵدا بووینە كێشەكان چارەسەر بكرێن نەك لە میدیاكان باس بكرێن، بۆیە وەك پارتی لاپەڕەیەكی نوێ‌ لەگەڵ لایەنەكان دەست پێ‌ دەكەین.

باسی لەوەش كرد، ئەو گۆڕانكارییانەی ئەمڕۆ كراون، هەندێك گۆڕانكاریی ترمان لە بەردەستە لەسەر ئاستی رێكخراوەكان و لقەكان، بۆیە دەبێت ئێمە ئەو شتانە لەبەرچاو بگرین، چونكە ئەوانە پێش كۆنگرە ئامادە كراون بە مەكتەبی رێكخستنیشەوە، تا زیاتر هەیكەلی ئەو حزبە تۆكمەتر بكەین.




وشە - رامیار جەواد