بۆ رێگرتن لە ئۆپراسۆنە سەربازییەكەی.. ئەمەریكا چارەسەرێك دەخاتە بەردەم توركیا

:: PM:07:33:26/11/2022 ‌

ئێستە شەڕێكی دەروونی لە نێوان توركیا و هەسەدە لە باكوری سووریادا هەیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان و میدیاكانی توركیا و گرووپەكانی سووریای سەر بە توركیا، باسی نزیكبوونەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە زەوینییەكەی توركیا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەكەن، هەسەدەش شەڕی دژ بە داعش دەوەستێنێ و وریایی لەوە دەدات كە هاوكات لەگەڵ بەردەوامی هێرشەكانی توركیا و دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنەكەی، داعش خۆی بۆ هێرشكردن ئامادە كردووە.

مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت، توركیا خۆی بۆ هێرشكردنە سەر كۆبانی و مینبەج و تەلرەفعەت ئامادە كردووە، بۆیە ئەگەر شەڕ دەست پێ بكات، تەواوی سنوورەكانی سووریا و توركیا دەگرێتەوە، ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا لە رێگەی برێت ماكگۆرك پێی راگەیاندوون بەوەی هەر ئۆپراسیۆنێكی توركیا رەت دەكاتەوە و واشنتن لە پێوەندیدایە لەگەڵ ئەنقەرە بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە.

ئەو روونی كردەوە كە رووسیا و ئەمەریكا بەرهەڵستی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا دەكەن، ئەوە شتێكی باشە، بەڵام دەبێت هەڵوێستەكان توندتر بن، چونكە توركیا سوورە لەسەر هێرشكردن.

عەبدی ئاشكرای كرد، دوای هەفتەیەك لە هێرشی ئاسمانی، ئێستە ئەنقەرە ئامادەیە بۆ ئۆپراسیۆنێكی سەربازی و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش كە توركیا پاڵپشتیان دەكات، ئامادەن بۆ بەشداریكردن تیایدا، ئەو هێزانەی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كاریان دەكرد، بوونەتە ئامانجی توركیا، بۆیە ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە داعش وەستاوە.

ئێستە هەسەدە سەرپەرشتی 20 ناوەندی گرتنی چەكدارانی داعش لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا دەكات، كە 10 هەزار چەكداری داعشیان تیادایە، لەوانە دوو هەزاریان بیانین و 800یان ئەوروپایین، كە وڵاتەكانیان ئامادە نین وەریان بگرنەوە، بۆیە لە حاڵەتی هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی هەسەدە، ئەگەری زۆر هەیە هێرشەكانی داعش دەست پێ بكاتەوە، بەتایبەتی بۆ رزگاركردنی هاوڕێ گیراوەكانیان، جگە لە یاخیبوون لەو گرتووخانانە و هەوڵی هەڵاتن، وەك ئەوەی بەر لە چەند مانگێك لە گرتووخانەی غوێران رووی دا. 

میدیاكانی توركیا دەڵێن خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا لە كۆبوونەوەیەكی ناوخۆیی پارتی داد و گەشەپێدان رای گەیاندووە كە بەمنزیكانە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی ئەنجام دەدەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە 20ی ئەم مانگە دەستیان بە هێرشی ئاسمانی چڕ بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە كردووە.  

لەو كاتەی سەرچاوەیەك لە سوپای نیشتمانی سووریا، كە توركیا پاڵپشتیان دەكات ئاشكرای كردووە، پێنجشەمی رابردوو كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەفسەرانی سەربازی توركیا و فەرماندەكانی سوپای نیشتمانی سووریا لە ناوچەی كلس لەسەر سنووری هەردوو وڵات كراوە، باس لە نزیكیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە و وردەكارییەكانی كراوە.

سەرچاوەكە دەڵێت، ئۆپراسیۆنەكە زیاتر ناوچەی كۆبانی و دەروبەری دەگرێتەوە، و قۆڵەكانی هێرشكرن ئامادە كراون و هەرسێ فەیلەقی سوپاكە بەسەر بەرەكان دابەش كراون، ئەوان چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكەن، كە ئەردۆعان رای دەگەیەنێت.

جیا لەوەی مەكگۆرك، كە هاوئاهەنگیكاری كارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفلاریقیایە لە ئەنتجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەكەریكا لەگەڵ مەزلووم عەبدی بە تەلەفۆن ئەو پرسەیان تاوتوێ كردووە، دوێنێ هەینی نیكۆلاس گرانگر، نوێنەری باڵای ئەمەریكا لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی هەسە كۆ بووەتەوە و رای گەیاند، واشنتن بەتوندی بەرهەڵستی هەر جموجۆڵێكی سەربازی توركیا دەكات، كە دەبێتە هۆی شێوانی سەقامگیری ژیانی كۆمەڵكە و خێزانەكان لە سووریا، دووپاتی كردەوە كە ئەوان دەیانەوێ بەپەلە ئەو بابەتە كۆتایی بێت.

رۆژنامەی "حوریەت"ی توركی باسی ئەوە دەكات كە جیف فلیك، باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا پلانێكی پێشكەش خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا كردووە بەوەی توركیا واز لە ئۆپراسیۆنەكەی بێنێت، لە بەرانبەر ئەوەدا هێزەكانی هەسەدە بۆ قووڵایی 30 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی توركیا دوور بكەونەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل