سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی كۆبووەوە

:: PM:10:51:26/11/2022 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی بە سەرۆكایەتی كۆنگرێسمان مارك تاكانۆ و ئەندامیەتی ژمارەیەك ئەندامانی كۆنگرێس و دیپلۆماتكاران كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە ئالینا رۆمانۆسكی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوو، برەودان بە پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و گۆڕینەوەی زیاتری شاندی نێوانیان، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق، پێوەندییەكانی هەولێرـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و مەترسییەكانی تیرۆر و شەڕی دژی داعش تاوتوێ كران.

هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی تەبایی و هاریكاری نێوان لایەنە عێراقییەكان و پشتگیریكردنی حكوومەتی نوێی عێراق بۆ سەركەوتنی كارنامەكەی و پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی سنوورەكان و سەروەریی عێراق كردەوە، هەروەها هاوڕا بوون كە دەرفەت هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا كێشەكانیان چارەسەر بكەن و پێكەوە هاریكاری بكەن.

ئەمەو شاندی كۆنگرێسی ئەمەریكی وێڕای پێزانین و ستایش بۆ رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا، دووپاتیان كردەوە كە وڵاتەكەیان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پابەندیی ئەمەریكایان بۆ بەردەوامیی هاوبەشیی ستراتیجی و پشتگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی داعش دەربڕی.

لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێم سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش، هەروەها بۆ پشتگیری و هاوكاریی ئەمەریكا لە پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپات كردەوە.

پێویستی خێراكردنی پرۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و گرنگیی تەبایی و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل