"پەكەكە باشوور بكاتە جەهەنم بۆ توركیا هێندەی تەقاندنی فیشەكێك لە باكور سوودی نییە"

:: PM:11:13:26/11/2022 ‌

پەكەكە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە كێشە و گرفت بووە لەبەردەم كورد و كوردستان، هەمیشە پێشڕەوی دوژمن بووە و بەرنامە و پیلانی دوژمنانی دژی كوردی لە چوار پارچەی كوردستان جێبەجێ كردووە، لە كاتێكدا ئەوانە خۆیان بە كورد دەزانن، هەرێمی كوردستانیشیان كردووەتە مەیدانی شەڕی خۆیان لەگەڵ توركیا، بێ ئەوەی هیچ سوودێكیان بۆ باكوری كوردستان و كوردانی ئەو پارچەیە هەبووبێت.

رۆژئاوای كوردستان بەهۆی بوونی پەكەكەوە بەرەو دۆخێكی خراپ هەنگاو دەنێت، بۆیە لە هەر پارچەیەكی ئەم كوردستانە پەكەكە پەنای بۆ بردبێت، بووەتە مەیدانی جەنگی دوژمنانی كورد، بۆ هەرێمی كوردستانیش هەمیشە پێشڕەوی توركیا بووە، بۆ ئەوەی بێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و بۆردمان بكات و دەستدێژی بكاتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان.

رێبوار بابكەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا پەكەكە كاری لە دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان كردووە، هەمیشە دژایەتی دامەزراوەكانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەردەوام رووبەڕووی پێشمەرگەی پارێزەری خاك و ئاڵای كوردستان بووەتەوە و پێشتر بەهۆی تەقەی پەكەكەوە چەند پێشمەرگەیەك شەهید بوون، هەر ئەوان بوون چەندانجار بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانیان تەقاندووەتەوە، كە قوت و ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی لەسەرە.

زیاتر گوتی، پەكەكە هەمیشە دژی كوردستان بووە، بۆ دژایەتیكردنی كوردستان لەگەڵ هەندێ گرووپی چەكداری وەك حەشد دەستیان تێكەڵ كردووە، هەموو كوردێك بۆی دەركەوتووە كە پەكەكە چۆن كار دەكا و هەڵوێستی بەرانبەر بە كوردستان چییە، بۆیە بەرنامەی كاری پەكەكە دیارە، ئەو بۆ ئەوە كار دەكات كە قەوارەیەكی دەستوری بەناوی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، ئاخۆ ئەمە خەونی كوردە یان دژە خەونی كوردە.

پێوەست بەو بابەتە سەردار رەسووڵ، فەرماندەی پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە لە ماوەی رابردوو چەندانجار هێرشی كردووەتە سەر پێشمەرگە، پێمان وایە ئەمانە هەر لە سەرەتاوە كە دروست بوون، بۆ ئەوە بووە لەهەر كوێیەك دژی كورد بن، ئەوەشیان لە رابردوو بەرانبەر كوردستان و كورد سەلماندووە، دووپاتی كردەوە، گرووپێك دژی پێشمەرگە بوەستێتەوە و تەقەی لێ بكات، لەكاتێكدا پێشمەرگە هێزی فەرمی حكوومەتە، ئەمە ئەوەپەڕی دژبوونە بە كوردستان.

لای خۆیەوە عەلی ئەنوەر، چالاكی سیاسی بە "وشە"ی گوت، ‎ماوەی چەند ساڵێكە بەبێ ئەوەی یەك جەندرمەی تورك یان بەرژەوەندییەكی ئابووری توركیا لەم سنوورەدا هەبێت، پەكەكە هاتووە دێ بە دێ هەر جارەو لە جێگەیەك دەبێتە میوانێكی رەزاگران و ئارامی ژیان و ژیاری خەڵكی گوندنشین دەشێوێنێت، بۆیە پەكەكە خەونی كورد نییە، بەڵكو دژەخەونی كوردە، یەكێك لە بنەما بنچینەییەكانی بەرەنگابوونەوەی سەركوتكاری ئەوەیە كە دەبێت لەو جێیەی ستەم هەیە بەرەنگاری هەبێت، نەك لە ناوچەیەكی تر ئەو جەنگە بەرپا بكەی بەبێ ئەوەی سوودی هەبێت.

ئەو چالاكە سیاسییە دووپاتی كردەوە، بەداخەوە پەكەكە دەیەوێ مەیدانێكی نوێ بۆ توركیا بكاتەوە، كە بست بە بستی خاكی كوردستان بكاتە بیانووی دەستی توركیای داگیركەر، پەكەكە خۆی وا نیشان دەدات یان خۆی وا بە خەڵك دەناسێنێت كە ئەو كوردایەتی دەكات و كار بۆ بەدەستهێنانی مافی كورد دەكات، بەڵام ئەمە پێچەوانەیە، بەڕاستی دەبێ پەكەكە لەوە تێبگات كە هەموو باشووری كوردستان بكاتە جەهەنم لە سوپای توركیا، هێندەی تەقاندنی فیشەكێك لە باكور سوودی نییە.

پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لە پێنجوێن و شارباژێر و قەندیل و ناوچەكانی سیدەكان بوونی هەیە، بەهۆی ئەوەشەوە توركیا بە بەردەوام بە فڕۆكە بۆردمانی ئەو ناوچانە دەكا و زیانێكی زۆری بە هاووڵاتییان و سیمای ناوچەكە گەیاندووە، هەر بەهۆی پەكەكەوە تا ئێستە زیاتر لە 500 گوند ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و رێگە نادرێت دەستی ئاوەدانی حكوومەت بگاتە شوێنە سنوورییەكان.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل