بۆ كۆتاهێنان بە خۆپێشاندانەكان ئێران بەنیازی چییە؟

:: PM:09:14:27/11/2022 ‌

خۆپێشاندانەكانی ئێران چووەتە ناو سێیەم مانگییەوە، كاتێك لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی رابردوو پۆلیسی تاران كچێكی كوردیان بەناوی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/، كوشت، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی یەكێك لە فرەوانترین ناڕەزایەتی جەماوەری، كە تا ئێستە سەتان كەس بە گولەی هێزە تەناهییەكانی كوژراون و هەزارانیش گیراون، بەڵام رژێمی ئەو وڵاتە بەنیازی چییە؟

ژمارەیەك بەرپرسی ئێران دەڵێن كە بەرپرسانی باڵا لە حكوومەتی ئێران نیازیان هەیە دەرگەی گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ ریفۆرمخوازەكان بكەنەوە، بە مەبەستی نزیكبوونەوە لە خۆپێشاندەران و گوێگرتن بۆ داواكاری نارازییەكانی شەقام، واتە پەنابردنی توندڕۆكانی سەر بە عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران بۆ میانڕۆكان، كە داوای ئازادی و دیموكراسی زیاتر لە ئێران دەكەن.

سەرچاوەیەكی نزیك لە عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشكرای كرد، شەمخانی هەوڵی رێكخستنی گفتوگۆیەكی هاوبەشی سیاسییە لە نێوان ریفۆرمخواز و توندڕۆكان، ئەوەش دوای دیداری لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرانی رەوتی چاكسازی، لەو ناوەدا شەمخانی چاوی بە محەمەد خاتەمی، سەرۆكی پێشووی ئێران سەر بە باڵی ریفۆرمخوازەكان كەوتووە، بۆ رازیكردنی بە دەست پێكردنی میانگیری لە نێوان حكوومەت و ناڕازییەكانی شەقام، كە 11 هەفتەیە لە خۆپێشاندان بەردەوامن.  

سەرچاوەكە روونی كردەوە، شەمخانی پلانێكی رژدی بەدەستەوەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ تەنگژەی ئێستەی ئێران، ئەو چەند رۆژێكە دەستی بە جووڵە كردووە و دەرگەی گفتوگۆی لەگەڵ خاتەمی واڵا كردووە، ئەوەش بەوهۆیەی خاتەمی كەسێكی رێزلێگیراوە لەلایەن ئێرانییەكان و تواناتی ئەوەی هەیە تەنگژەی ئێستە چارەسەر بكا و شەقامی شێواو هێور بكاتەوە، بەتایبەتی كاتێك ژمارەیەك لە فەرماندە باڵا سەربازییەكان پێشوازی لەو هەنگاوەی شەمخانی دەكەن.  

لە بەرانبەر بەو زانیارییانە، سیاسەتوانێكی دیاری ریفۆرمخوازەكان گوتی، ئاگەداری دیداری شەمخانی و خاتەمیم، ئەوەش هەنگاوێكی گەورە و دەگمەنە كە ئێستە و پێشتریش كەس پێشبینی نەدەكرد، هەر پێوەست بەو بابەتەوە رۆژنامەی "سەباح ئەلسادق"ی هەفتانەی سەر بە سوپای پاسداران، بەم دواییە زمانێكی هێمنی بەرانبەر بە خاتەمی بەكار هێناوە، كە بە باوكی بەرەی چاكسازی دادەنرێت، كاتێك رۆژنامەكە خاتەمی بە "پیاوی رێزداری سیاسی" وەسف كرد.

ئەو گۆڕانكارییە لەناكاوە بەرانبەر بە خاتەمی، دوای ئەوە دێت لە ساڵانی رابردوو ئێران بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵێك یان وێنەیەكی خاتەمی لە میدیاكانی ئەو وڵاتەی نزیك لە حكوومەت و توندڕۆكان قەدەغە كرد، ئەوەش دوای ئەوەی خاتەمی پاڵپشتی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەكانی 2009 دەربڕی، بۆیە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ئەرێنییە لە رۆژنامەكەی پاسداران لەسەر خاتەمی، ئاماژەیەكە بۆ پەرەسەندنێكی گرەنگ لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران لە قۆناغی ئێستەی ناڕەزایەتییەكاندا.

سەرچاوەیەكی نزیك لە سوپای پاسداران رای گەیاند كە هەنگاوەكانی شەمخانی بەرانبەر بە خاتەمی و كەسایەتییەكانی تری ریفۆرمخواز، هی ئەو ساتە و بیرۆكەی تایبەتی خۆی نییە، بەڵكو لە دوای راوێژكردن لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران هاتووە، بەتایبەتی كە لە ماوەی دواییدا لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپێشاندانەكان و هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە یەك بۆچوونیان نەبوو.

بەپێی سەرچاوەكە، فەرماندەكانی پاسداران بووبوونە دوو بەش، بەشێكیان بیرۆكەی گفتوگۆیان لەگەڵ ریفۆرمخوازەكان رەت كردەوە، بەشەكەی تریان پێشوازیان لە بیرۆكەكە كرد و هانی شەمخانیان دا بۆ جووڵانەوە بەو ئاراستەیە، بۆیە فەرماندەكانی پاڵپشتیان لەو بیرۆكە و شەخانی كرد، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی نووسینگەی خامنەیی كۆ بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستە وەڵامیان لەو بارەوە بەدەست نەگەیشتووە. 

جیا لەو هەوڵەی شەمخانی بە پەنابردن بۆ خاتەمی و ریفۆرمخوازان بۆ هێوركردنەوەی شەقام، راپۆرتەكانی هەواڵی ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە بەرپرسانی ئێران پێوەندیان بە ژمارەیەك لە ماڵباتە بەناوبانگ و كاریگەرەكانی ئێران كردووە، وەك ماڵباتی خومەینی و رەفسەنجانی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، ئەوەش لە رێگەی شەمخانییەوە، بەڵام ئەوان بۆ بەشداریكردن لەو هەوڵانە مەرجیان هەبووە، ئەو مەرجانەش زەحمەتە سەركردایەتی ئێران قبووڵی بكات.

لەلایەكی تر سەرچاوەیەكی نزیك لە نووسینگەی خامنەیی دەڵێت، پێشتر موجتەبا خامنەیی چ، كوڕی عەلی خامنەیی، چەند پێشنیازێكی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی ئێستەی ئێران كردبوو، كە هاوشێوەی مامەڵەكردن بوو لەگەڵ ناڕەزایەتییەكانی 2009، بەڵام دوای بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەكان ئەو نیازی هەبوو چاوی بە ژمارەیەك لە كەسایەتییە ریفۆرمخوازەكان بكەوێت، كەچی پەشمان بووەوە. 

سیاسەتەوانێكی ریفۆرمخواز دەڵێت، خامنەیی و گەورە بەرپرسانی ئێران پێیان وایە گوێگرتن بۆ داواكاری خۆپێشاندەران و جێبەجێكردنیان سەرەتای رووخانی كۆماری ئیسلامییە، سەرچاوەیەكی نزیك لە نووسینگەی خامنەییش دەڵێت، تا ئێستە خامنەیی قەناعەتی بەو هەنگاوانە نەهاتووە، پێشبینیش ناكرێت وەڵامدانەوەی ئەرێنی هەبێت، سیاسەتەوانێكی ریفۆرمخوازیش بەرانبەر بە هەڵوێستەكانی خامنەیی، پێشبینی كرد كە بەمنزیكانە ئەو دەرگەی گفتوگۆی باسی دەكرێت، دابخرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل