ماوەی دوو ڕۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بانگەشەی ئەوە دەكرێ كامێرای پۆینت تو پۆینت لە چەند شەقامێكی هەولێر دانراوە، بەرپرسێكی هاتوچۆش راستیی ئەو بابەتە ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم 28ـی تشرینی دووەم، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، تا ئێستە كامێرای پۆینت تو پۆینت لە هەولێر دانەنراوە و ئەوەی باس دەكرێ لەبارەی ئەو جۆرە كامێرایە، بۆچوونێكی هەڵەیە.
لەكاتی بەكارخستنیشی خۆمان بەفەرمی بڵاوی دەكەینەوە و هەموو هاووڵاتییان دەیزانن.
زیاتر گوتی، چەند ئامادەكارییەك كراوە بۆ دانانی ئەو جۆرە كامێرایە، لەكاتی بەكارخستنیشی خۆمان بەفەرمی بڵاوی دەكەینەوە و هەموو هاووڵاتییان دەیزانن.
بە گوتەی فازڵ، ئەو جۆرە كامێرایە هاوشێوەی كامێراكانی ترە و ئەو بۆچوونەی لای هاووڵاتییان دروست كراوە لەسەر ئەو جۆرە كامێرایە، هەڵەیە و بۆ پاراستنی ئەوانە نەك زیاتر، هەروەها رێنوێنی و زانیاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان لەسەر ئەو جۆرە كامێرایە بڵاو دەكەینەوە.
لە دانانی كامێرای پۆینت تو پۆینت لە سلێمانی، كاردانەوەی زۆر دروست بوو و تەنانەت چەند جارێكیش هێرش كرایە سەر ئەو جۆرە كامێرایە و شكێنران، دواتر كۆمپانیای تایبەتمەند بڕیاری دا بە جۆرە مادەیەكی تایبەت رووكەشی بكات و پارێزراو بێت.