بەفر دەبارێ‌ و سەرما دەست پێ‌ دەكات

:: AM:11:23:28/11/2022 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، راپۆرتێكی تایبەت لەسەر دوو ڕۆژی داهاتووی كەشوهەوا بڵاو دەكاتەوە و رای گەیاندووە، لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت و پلەكانی گەرمیش دادەبەزن.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لە ئەنجامی كاریگەریی هەردوو نزمە پەستانی دەریای سوور و ناوەڕاست، شەپۆلێكی دابارین تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

باس لەوەش كراوە، سەرەتا رۆژی سێشەم لە كاتەكانی ئێوارە لە ناوچەكانی رۆژئاوای هەرێم، دابارین بەشێوەی تاوەباران و برووسكە دەست پێ دەكات، پاشان نمەباران زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە.

كەشناسی بۆ ڕۆژی چوارشەم دەڵێت، كاریگەریی شەپۆلەكە زیاتر دەبێت بەجۆرێك سەرانسەری ناوچەكان دەگرێتەوە، دابارین بەشێوەی نمەبارانی بەردەوام دەبێت و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان دەبارێت. شایانی باسە لە ناوچەكانی باشووری هەرێم و سەنتەری شاری هەولێر، ئەگەری لێزمەباران و برووسكە هەیە.

ئەوەش باسكراوە، سەبارەت بەپێشبینی رێژەی دابارین زیاتر كاریگەری لە ناوچەكانی بادینان دەبێت وە پلەكانی گەرما بۆ رۆژی چوارشەم دادەبەزێت بە (4-5) پلە، هەروەها خێرای با چالاك دەبێت لە رۆژی پێنجشەم كۆتایی بەشەپۆلەكە دێ.



وشە - رامیار جەواد