خەونی یەكێتی نایەتە دی

:: PM:01:39:28/11/2022 ‌
میدیاكانی ئێران بە گرنگییەوە باسیان لەوە كردووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بدرێنە دەست سوپای عێراق و لەلایەن سوپاوە بەڕێوە ببرێن، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی رابردوو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی ئەو حزبە، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی حزبەكەی سەردانی بەغدایان كردبوو و چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دابوو.

یەكێتی لە ماوەی رابردووشدا مەیلی بۆ ئەوە رۆیشتووە كە سلێمانی رادەستی بەغدا بكرێت و پارێزگاكە بكرێت پارێزگایەكی سەربە عێراق، لە رووی ئیداری و كارگێڕییەوە تەواوی كارەكانی پارێزگاكە سەربە بەغدا بێت و لە هەرێمی كوردستان داببڕێت، بەڵام تا ئێستە ئەوەی بۆ نەكراوە، ئەمجارە دەیەوێ بە جۆرێكی تر سنوورەكان رادەستی بەغدا و سوپا بكات.

سەعید هەركی ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە، بە "وشە"ـی راگەیاند، یەكێتی نەك هەر حەز دەكات سنوورەكان رادەستی سوپای عێراقی بكات، بگرە حەز بەوە دەكات ئیدارەی سلێمانیش بكەوێتە سەر حكوومەتی عێراقی، دەیەوێ سلێمانی بكاتە یەكێك لە پارێزگا سەرەكییەكانی حكوومەتی عێراقی و بكەوێتە ژێر ئیرادەی حكوومەتی ناوەندی و لەلایەن ئەوەوە بەڕێوە ببرێت.

زیاتر گوتی، بەڵام خۆشبەختانە هیچ خۆزگە و هیوایەكی یەكێتی نایەتە دی، هەموو شتێك لە دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، ئایا پاراستنی سنوورەكان بێت یان دەسكەوتەكانی هەرێم، ئەوە ئیشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، یەكێتی تامەزرۆی ئەوەیە بەڵام بۆی جێبەجێ ناكرێت، ئەو هەموو سنووربەزاندن و تۆپباران و پێشێلكارییە بۆ سەر خاكی هەرێم لەلایەن دوو وڵاتی دراوسێ، دەبێت سنوورێك بۆ ئەوە دابنرێت، یەكێتی وەك حزب دەسەڵاتی ئەوەی نییە كە سنوورەكان رادەستی سوپا بكرێن، ئەوە كاری حكوومەت و پەرلەمانە.

باسی لەوەش كرد، بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان دەبێت حكوومەتی عێراقی لەسەر خەت بێت و لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوئاهەنگی و پێوەندییان هەبێت بۆ پاراستنی سنوورەكان، سوپای عێراق نایەتە سنوورەكان، لیواكانی هەرێم ئەو كارە دەكەن، ئەو لیوایانەش لە هەرێمن، بەڵام شوێنەكەیان شوێنی مەبەست نییە، لیوای پاسەوانی سنوور لە كانی ماسییە، ئەگەر بەرێككەوتن بێت دەبێت بچێتە سنوورەكانی توركیا و هەرێم.

سەگڤان سندی ئەندامی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، بابەتی هاتنی سوپای هێزە بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، ماوەی سێ مانگە بەردەوام كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام پاسەوانی سنوور ئەو ئەركەی پێ دەسپێرێ و سوپای عێراق نایەت و بۆی نییە بێت، حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە باش سنوورەكانی خۆی بپارێزێت، بۆیە بەردەوام دەستدرێژی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان پێشێل دەكرێت.

ئەوەشی گوت، چوونی فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتی بۆ بەغدا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، پێوەندیی بە شێوازی بەڕێوەبردنی سنوورەكانەوە هەیە، بەڵام بەڕێوەبردنی سنوورەكان لەلایەن سوپای عێراق و بدرێتە دەست ئەوان، ئەوە كارێكە هەرگیز روو نادات و شتی لەو شێوەیە ناكرێت.

لای خۆیەوە لیوا عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری هەرێمی كوردستان لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، بە "وشە"ی راگەیاند، پرسی بەڕێوەبردنی سنوورەكانی هەرێم یان پاراستنی ئەو سنوورانە لە دەست هێرشی وڵاتان، پێوەندیی بە سوپای عێراق نییە، پاسەوانی سنوور ئەو كارە دەكات، پاسەوانی سنوور ئەوانەی چەندان ساڵە لە هەرێمی كوردستان لە سنوورەكان هەن، سەرجەمیان كوردن و عەرەبی تێدا نییە.

باسی لەوەش كرد، هێزەكانی سنوور رێكخستنەوەیان بۆ دەكرێت و زیاتر گرنگییان پێ دەدرێت لە سنوورەكان و ئەركیان پێ دەسپێرێت، سوپای عێراق ناتوانێ ئەو كارە بكات.

وشە/ تایبەت



وشە - رامیار جەواد