قارچك بخۆ و لە شێرپەنجە و شەكرە دووربە

:: PM:02:04:28/11/2022 ‌
قارچك هەمیشە خۆراكێكی دەگمەن و بەنرخ بووە، بەڵام جەماوەرەكەی بەهۆی سروشتیبوونی بەرهەمەكەوە بوو، ئێستە زانست سوودە سەرسوڕهێنەرەكانیشی سەلماندووە و پێشبینی دەكەن "لە داهاتوودا ببێتە خۆراكێكی دەگمەن".

قارچك بەرهەمێكی سروشتییە و لە پایزدا لە دوای بارران و هەورەبروسكە جۆرە سروشتییەكەی لە ناخی زەوییەوە سەر هەڵ دەدات، بەڵام جۆرە كشتوكاڵییەكەیشی ئەم ساڵانەی دوایی پەرەی سەند و خەریكە دەبێت بە پیشەسازییەكی جیهانی، هەرچەندە هێشتا جەماوەری جۆرە سروشتییەكە زۆرن.

ڕۆژنامەی "زە سەن"، ڕاپۆرتێكی لەبارەی زنجیرەی فرۆشگا تەندروستییەكانی Holland & Barrett بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە "قارچك یارمەتیدەرە بۆ دوورخستنەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەكان، لەوانە شێرپەنجە و شەكرە و نەخۆشیی بیرچوونەوە/ئەلزەهایمەر". 

قارچك بەوە ناسراوە كە پڕە لە پرۆتین و ڤیتامین، خواردنی بڕێكی زۆر لە مادە خۆراكییە گرنگەكان بە جەستە دەبەخشێت
 

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا دەستنیشان كراوە، بەگوێرەی بەرزبوونەوەی فرۆشی قارچك، پێشبینی كراوە "بۆ ساڵی داهاتوو قارچك لە پێشەنگی لیستی خۆراكە بەنرخەكاندا بێت، بەهۆی پەرەسەندنی جەماوەری خۆراكە ڕووەكییەكان، وەك جێگرەوەی گۆشت.

ئێستە لە كوردستان وەرزی دەركەوتنی قارچكە و خەڵكی گوندەكان روو دەكەنە دەشتودەر بۆ دۆزینەوەی، لە سەرەتایشدا نرخی كیلۆیەكی دەگاتە نزیكەی 30 هەزار دینار.

قارچك بەوە ناسراوە كە پڕە لە پرۆتین و ڤیتامین، خواردنی بڕێكی زۆر لە  مادە خۆراكییە گرنگەكان بە جەستە دەبەخشێت وەك ڤیتامین D و مایكرۆنۆترێنتەكان  Micronutrient كە جەستە بە دەگمەن لە خۆراكی تر بەدەستی دەهێنێت، بێ ئەوەی كالۆری و چەوری یان سۆدیۆمی زیادە بخاتە لەشەوە.

هەروەها توێژینەوەكانی پێشوو، كاریگەریی قارچكیان سەلماندبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی خانە شێرپەنجەییەكان و تایبەتمەندی دژەئۆكسێنەر و دژەهەوكردنیشی وەك مژدە بە بخۆرەكانی راگەیاندبوو، هاوكات قارچك سەرچاوەی ڤیتامین B و زیادكردنی بەرگریی لەشە.


وشە - كەژاڵ كەمال