پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ی عێراق بە زووترین كات دەگاتە پەرلەمان

:: PM:02:09:28/11/2022 ‌
قه‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ی عێراق، به‌ 130 ترلیۆن دینار ده‌خه‌مڵێنرێت، به‌ڵام ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران نه‌كراوه‌. جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش راده‌گه‌یه‌نێت، لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا دەگاتە پەرلەمانی عێراق.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 28ی تشرینی دووه‌م، مه‌ریوان قه‌ره‌نی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، پشكی كورد له‌ ره‌شنووسی بودجه‌ 2023 عێراق هاوشێوه‌ی پێشتره‌ كه‌ 12.67%ـه‌، به‌ڵام هیچ كات پشكی كورد به‌ته‌واوی نه‌نێراوه‌ بۆ كوردستان. 

كورتهێنان نزیكه‌ی 28 ترلیۆن دینار بوو، ئه‌وكات خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت نزیكه‌ی 60 ملیار دۆلاری تێدابوو

له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ی عێراقدا، هه‌ردوو حكوومه‌ت له‌باره‌ی بودجه‌ رێككه‌وتن كه‌ پشكی هه‌رێم به‌ 12.67% دیاری كرا، بڕه‌كه‌ی 11 ترلیۆن و 482 ملیار و 394 ملیۆن دینار بوو، دواتر رێككه‌وتنێكی تر كرا و له‌و رێككه‌وتنه‌ هاتبوو كه‌ به‌شی هه‌رێم به‌شێوه‌ی مقاسه‌ "ئه‌سه‌ر ره‌جعی" مانگانه‌ ناوه‌ند 200 ملیار بنێرێ، به‌ڵام ئه‌مساڵ ته‌نیا دوو مانگ پاره‌ نێراوه‌.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ی پڕۆژه‌ی بودجه‌ ده‌گاته‌ په‌رله‌مان گوتی، كاره‌كانی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ته‌واو بێت و له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سند بكرێت، پاشان ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت، بۆیه‌ ده‌بێ به‌خێرایی بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی نۆی كانووی یه‌كه‌م په‌رله‌مان ده‌چێته‌ پشووه‌وه‌، ده‌بێت لە نزیكترین كاتدا پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكرێت. 

 قه‌باره‌ی بودجه‌ ده‌گاته‌ 130 ترلیۆن دینار و رێژه‌ی كورتهێنانی 25%ـه‌،  له‌ كاتێكدا بودجه‌ی 2021 عێراق به‌ 129 ترلیۆن دینار (88 ملیار دۆلار) په‌سند كرا، كورتهێنان نزیكه‌ی 28 ترلیۆن دینار بوو، ئه‌وكات خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت نزیكه‌ی 60 ملیار دۆلاری تێدابوو، به‌ڵام دۆخی دارایی ئێسته‌ی حكوومه‌تی عێراق له‌چاو ئه‌وكات، باشتره‌ به‌وه‌ی خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت ئێسته‌ نزیكه‌ی 90 ملیار دۆلاری تێدایه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ تا كۆتایی ساڵی بگاته‌ 100 ملیار دۆلار.

له‌باره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا، جێگری سه‌رۆك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تی سوودانی، رێككه‌وتن له‌سه‌ر زۆر پرس كراوه‌ كه‌ ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێن.

رۆژی یه‌كشه‌م 27ی تشرینی دووه‌م، شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشتنه‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ پێوه‌نداره‌كان كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی حكوومه‌تی سوودانی كه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌.


وشە - زریان تەها