سەرۆكایەتی هەرێم: ڕێگە بە بوونی گرووپی چەكدار لە هەرێمی كوردستان نادرێت

:: PM:06:03:28/11/2022 ‌
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا دووپات دەكەنەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرانبەر وڵاتانی دراوسێ‌ نادرێ‌.
 
ئەمڕۆ دووشەم 28ی تشرینی دووەم، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانەی دوا سەردانەكانیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی تەناهیی و سیاسیی وڵاتیان تاوتوێ كرد و دووپاتیان لە هاوئاهەنگی نێوان تەواوی لایەنەكان كردەوە، بۆ پشتگیری لە حكوومەتی فیدراڵیی نوێی عێراق و سەرخستنی كارنامەكەی، هەروەها پێكەوەكاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر – بەغدا لە مادەی 140، بودجە و شایستە دارایییەكان، دۆخی شەنگال و كێشەكانی وڵات بەگشتی بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی وڵات.

نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەواوی هاوڕابوون و دووپاتیان كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەوەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بەرانبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت، بۆ ئەم مەبەستەیش وەك هەمیشە هاوكاری و یارمەتی پێشكەش بە پەنابەران دەكەن، بەڵام ڕێگە بە بوونی گرووپی چەكدار لە هەرێمی كوردستان نادرێت. لە راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وا نووسراوە. 

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە، كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەیش، بە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەمێنێتەوە، هەروەها خوازیاری بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانیەتی لەسەر بنەمای رێز لە یەكگرتن و دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش.



وشە - وشه‌