كۆگاكانی بەشە خۆراك پڕبوون و شوێن نەماوە

:: PM:07:47:28/11/2022 ‌
بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی رای دەگەیەنێت، هەموو كۆگاكانی بەشە خۆراك پڕبوون لە خۆراك و كۆگامان قەرزكردووە و بەشە خۆراكمان تێكردووە. دەڵێت، رۆژانە 50 بارهەڵگری 40 تۆنی خۆراكمان بۆ دێت.

ئەمڕۆ دووشەم 28ی تشرینی دووەم، شەوكەت محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، كۆگاكانی بەشەخۆراك 14 كۆگاكان، ئێستە بەهۆی ئەوەی خۆراكێكی زۆر هاتووە هەموویان پڕبوون، ڕۆژانە خۆراك لە كۆگاكانەوە بۆ بریكارەكانی بەشە خۆراك دەنێرین، بەڵام بەردەوام بۆمان دێتەوە و شوێن نەماوە خۆراكی تێكەین.

روونیشی كردەوە كە كۆگایەك لە لایەن ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ تەرخانكراوە بۆ بەشە خۆراك، دوو كۆگای كۆمسیۆنیش هەبوو ئەوانیشمان پڕكردووە لە خۆراك، رۆژانە 40 بۆ 50 كۆنتێنەری گەورەی 40 تۆنی خۆراكمان بە دەست دەگات، گرفتی شوێنمان هەیە.

هەروەها گوتی، مانگی نۆ تەواو بووە و دەستمان بە سەبەتەی مانگی 10 كردووە، سەبەتەی مانگی یانزەش بە رێوەیە، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت دەبێت كۆگای نوێ بكەینەوە.

لای خۆیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەشە خۆراك دابەشكراوە، زۆرترین سەبەتەی خۆراك دابەشكراوە.

ئەوە پێچەوانەی ئەو پێشبینیانەیە كە دەگوترا دوای شەڕی ئۆكراینا و رووسیا تەنگژەی خۆراك دروست دەبێ، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتووانە ئەو پلانەی جێبەجێ‌ كرد كە رێی نەدا خۆراك لەناوچەكەدا ببڕێ‌ باجی هاوردەی هەڵگرت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌