هه‌رچه‌نده ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه خۆپێشاندانه‌كانی ئێران به‌تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به گه‌رموگوڕیی هه‌فته‌كانی رابردوو نییه، به‌ڵام خۆپێشاندان و مانگرتن به‌رده‌وامه و له تاران شه‌وی رابردوو هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رخستنی شۆڕش له حكوومه‌ت كرا.
76 رۆژ له خۆپێشاندانه‌كانی ئێران به هه‌وراز و نشێوێكی زۆردا تێپه‌ڕی و هه‌ندێك جار جۆره ئارامییه‌ك به شه‌قامه‌كانه‌وه دیار بووه، به‌ڵام دواتر له‌پڕ ته‌قیوه‌ته‌وه و دۆخێكی نوێی هێناوه‌ته كایه‌وه و پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی له‌رزاندووه.
شه‌وی رابردوو خۆپێشانده‌ران له شارۆكه‌ی ئیكباتانی تاران رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و دروشمی توندیان له دژی رژێم گوته‌وه. به‌گوێره‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه‌ی بڵاو كراونه‌ته‌وه، خۆپێشانده‌ران دروشمی ئه‌وه‌یان داوه كه ئه‌گه‌ر رژێم هانا بۆ سێداره‌دانی گیراوانی سیاسی به‌رێت، ئه‌وا دڵنیابن لێی خۆش نابن و شۆڕش سه‌رده‌خه‌ن.
له دروشمه‌كه‌دا خه‌ڵك هاوار ده‌كه‌ن ''ئه‌مه دواین په‌یامه ئه‌گه‌ر له سێداره بده‌ن ئه‌وا راده‌په‌ڕین''، هه‌روه‌ها له دروشمێكی تردا بانگه‌وازی خۆپێشاندانێكی گه‌وره بڵاو ده‌كرێته‌وه و به‌یه‌كه‌وه ده‌ڵێن ''ئه‌ی دراوسێی به‌ویژدان 14ی مانگ وه‌رنه شه‌قام ''.
به‌پێی دروشمه‌كه داوا له خه‌ڵك كراوه ١٤ی سه‌رماوه‌ز واته چوار رۆژی تر كه ده‌كاته پێنجی ئه‌م مانگه، خه‌ڵك بڕژێنه سه‌ر شه‌قام و خۆپێشاندانه‌كه گه‌رم بكه‌نه‌وه.
خۆپێشاندانی شه‌وی رابردووی تاران و چه‌ند شارێكی تر دوای ئه‌وه دێت كه شه‌وێك پێشتر، خه‌ڵك له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران دوای دۆڕانی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی وڵاته‌كه‌یان به ئه‌مه‌ریكا، هاتنه سه‌ر شه‌قام و دڵخۆشییان ده‌ربڕی.
مانگرتن و خۆپێشاندان له كارگه‌كانی پیشه‌سازی به‌تایبه‌ت له تاران و ئیسفه‌هان زیادی كردووه
له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا مانگرتن و خۆپێشاندان له كارگه‌كانی پیشه‌سازی به‌تایبه‌ت له تاران و ئیسفه‌هان زیادی كردووه، رۆژ به رۆژ ژماره‌ی زیاتری كرێكار پێوه‌ست به مانگرتووان ده‌بن.
حكوومه‌تی ئێرانیش ده‌ستی كردووه به سه‌پاندنی تۆمه‌تی قورس به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی گرتوونی و دوێنێ رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، هۆشدارییان دا له ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی سزای سێداره به‌سه‌ر ده‌یان خۆپێشانده‌ر.
ژینا له 13ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ر له‌گه‌ڵ براكه‌ی، بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزمانی سه‌ردانی تارانی كردبوو، به‌ڵام له نزیك میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب به پاساوی جێبه‌جێنه‌كردنی رێساكانی باڵاپۆشی، ده‌گیرێت و سه‌عاتێك دوای گرتنی به بێهۆشی ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و دوای سێ رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات. ده‌گوترێ ژینا له كاتی گواستنه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئاداب، له رێ له سه‌ری دراوه، بۆیه تووشی ئه‌و دۆخه ناله‌باره بووه. له 17ی ئه‌یلووله‌وه كه ژینا به خاك سپێرا، خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كردووه و بۆ ته‌واوی شاره‌كانی تری ئێران گواستراوه‌ته‌وه، ئێرانییه‌كان به هه‌موو نه‌ته‌وه و مه‌زه‌و و پێكهاته جیاوازه‌كان، داوای رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ده‌كه‌ن.