یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌گه‌رچی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2018دا كه‌متر له نیوه‌ی كورسییه‌كانی پارتی به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام پارتی وه‌ك براوه‌ی هه‌ڵبژاردن و خاوه‌نی 45 كورسیی په‌رله‌مان، به‌شداری كارا و سه‌ره‌كی به یه‌كێتی كرد، به‌ڵام یه‌كێتی رۆڵی خراپ ده‌گێڕێت و له ئاستی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌یدا نه‌بووه، بۆیه رووبه‌ڕووی ره‌خنه بووه‌ته‌وه.
به بۆچوونی په‌رله‌مانتاران و چاودێران، یه‌كێتی بۆ به‌شداریكردن له حكوومه‌ت، ته‌نیا ئامانجه‌كه‌ی پۆست و پله‌یه و هیچ هاوكارێكی حكوومه‌ت نییه، هه‌ركاتێك شتێك روو بدات خۆی لێ بێبه‌ری ده‌كات و كاتێكیش ده‌ستكه‌وتێك هه‌بێت، خۆی به خاوه‌نی ده‌زانێت، زیاتر وه‌ك ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه ده‌كات و به‌رده‌وام دژایه‌تی حكوومه‌ت ده‌كات و گرفت و كێشه بۆ كار و به‌رنامه و پلانه‌كانی حكوومه‌ت دروست ده‌كات، به‌تایبه‌ت له سنووری سلێمانی.
جیهان حه‌سه‌ن ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی پارتی، به "وشه"ی راگه‌یاند، یه‌كێتی به‌و شێوه‌یه سیاسه‌ت ده‌كات، به‌شداریكردن له حكوومه‌ت بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و هاووڵاتییانه، نه‌ك ته‌نیا ئامانجه‌كه وه‌رگرتنی پۆست و پله بێت و له‌وێوه زانیاری وه‌ربگریت و بیكه‌یته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ لێدان له حكوومه‌ت و دژایه‌تیكردنی، له ناو یه‌كێتی كه‌سانێكی زۆر هه‌ن ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كوردستان نابینن و چاویان پێی هه‌ڵنایه‌ت و چاكسازییه‌كه‌ی حكوومه‌ت نابینن، ئه‌وانه نه‌ك هه‌ر پێیان خۆش نییه، به‌ڵكو پێی نیگه‌رانن.
ئه‌و گوتی، ''یه‌كێتی نه ئه‌وه‌یه بڵێ له حكوومه‌ت به‌شداری ناكه‌م و ده‌كشێمه‌وه، نه ئه‌وه‌یه به ته‌واوی هاوكار و به‌شداری حكوومه‌ت بێت، له‌به‌ر پۆسته‌كانیش نایانه‌وێ بكشێنه‌وه و له ده‌ستیان بده‌ن، ئه‌وان له ناو حكوومه‌تن و دژی حكوومه‌تن، ئه‌وه كارێكی خراپه، له هه‌موو دنیا ئاوایه، كه‌سێك له شوێن و پێگه‌یه‌ك بێت، ئه‌گه‌ر به دڵی نه‌بوو ده‌توانێت بڕوا، به‌ڵام له‌به‌ر پۆست و پله و قازانج نایانه‌وێ ده‌ستبه‌ردار بن، پارتیش هه‌موو كات ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو گرتووه یه‌كێتی حزبی دێرینه، به‌و شێوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه نه‌ك به به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن.''
ئه‌مه گرفت بۆ كار و به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت دروست ده‌كات
به‌گوته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان، به‌شداریكردن له حكوومه‌ت ده‌بێت له هه‌موو شكست و سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌شدار بیت، نه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نیا له كاتی سه‌ركه‌وتن به‌شدار بیت و به ده‌ستكه‌وتنی خۆتی بزانیت، به‌ڵام له شكست خۆت به دوور بگری، خه‌ڵك باش له‌وه تێگه‌یشتوون و هۆشیارن و بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه یه‌كێتی چه‌واشه‌كاری ده‌كات.
هاوكات ئازاد ئه‌كره‌م سه‌رۆكی فراكسیۆنی میله‌ت له په‌رله‌مانی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌شداریكردن له حكوومه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ی یه‌كێتی قبووڵكراو نییه، ناكرێ به رۆژ له حكوومه‌ت و به شه‌و ئۆپۆزسیۆن بی، ئه‌وانه خۆیان به دوور ده‌گرن له حكوومه‌ت و هاوكار نین، ئه‌مه گرفت بۆ كار و به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت دروست ده‌كات، به‌شداریكردن ته‌نیا ئه‌وه نییه پۆسته‌كان وه‌ربگری و پڕیان بكه‌یته‌وه و مووچه‌خۆر زیاد بكه‌یت، ده‌بێت هاوكار بیت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له خزمه‌ت خه‌ڵكدا بیت.
لای خۆیه‌وه عوسمان سێده‌ری په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی، به "وشه"ی راگه‌یاند، پله و پۆست بۆ خزمه‌تكردنه، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی كه به‌شدارییان كردووه له حكوومه‌ت، به هه‌موو شتێك باش و خراپ ناڵێن، به‌كاری باش ده‌ڵێن باش و به كاری خراپ ده‌ڵێن خراپ، ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه له حكوومه‌تن و نه‌توانن ره‌خنه بگرن، ره‌خنه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه نییه كابینه‌كه هه‌ڵوه‌شێته‌وه.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، ''ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی كه ده‌یگرن گشتگیره، واته جیاوازی ناكه‌ن و هه‌ر كه‌سێك له هه‌ر پۆستێك و سه‌ربه هه‌ر لایه‌نێك بێت ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرن، ره‌خنه‌كه‌ش بۆ بنیاتنانه نه‌ك رووخاندن، ئێمه حكوومه‌ت به حكوومه‌تی خۆمان ده‌زانین و یه‌كێتی خوێن و شه‌هیدی بۆ داوه، حكوومه‌ت به خزمه‌تكاری خه‌ڵك ده‌زانین، به خوێنی شه‌هیدان دروست بووه، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین كه‌موكورتییه‌كانی حكوومه‌ت باش بكه‌ین و هه‌مووان هاوكار بین.''
جێی باسه له كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێتی پۆستی له سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم وه‌رگرتووه، به جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و پێنج وه‌زیر و چه‌ندان بریكاری وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و راوێژكار.
وشه/ تایبه‌ت