داوای داخستنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر دەكرێ

:: PM:12:49:09/01/2023 ‌
لەگەڵ ئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بارەگایەكی گەورەی لە هەولێر كردەوە بۆ پێوەندیی دیپلۆماسی و بەرزكردنەوەی پێگەی حزبەكە، بەڵام سەركردەیەك دەڵێ، ئێستە ئەو بارەگایە بووەتە ناوەندی پلانداڕێژی بۆ تیرۆری كەسانی ناڕازیی ناو حزبەكە، بۆیە پێویستە دابخرێت، پێش ئەوەی ناوبانگی پایتەخت بشێوێنێ. 

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر كە بە "كۆشی سپی"ش ناسراوە، دەكەوێتە سەر رێی كەركووك و لەسەر دەستی مام جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی حزبەكە بنیات نراوە، بەڵام دوای هەشتی تەمووزی 2020 پێگەكەی گۆڕاوە بۆ پاكتاوی نەیارانی بنەماڵەی تاڵەبانی.

سەركردەیەكی یەكێتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، بە"وشە"ی راگەیاند، زۆر نیگەرانین كە لە رۆژانی رابردوودا هەوڵی رفاندنی چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ دراوە، تیمی راهێنراوی لەو بارەگایە بۆ دانراوە كە چەتۆ بچێت و دەستبەسەری بكەن.

ئەوەیشی بیر هێنایەوە كە پلانی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جافیش هەر لەو بارەگایە دانرابوو، دواتریش لە ددانپێدانانی گیراوەكاندا دەركەوت و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ رای گشتیی ئاشكرا كرد.

پێشتر پەیجی "وشە" ڤیدیۆی هەوڵی رفاندنی چەتۆ ساڵحی بڵاو كردەوە كە لە خوارەوە لینكەكەی دانراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە فەرمانگەی سیاسیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە دژی بافڵ تاڵەبانی سكاڵای تۆمار كردووە و پێی وایە، "لە رووداوەكانی هەشتی تەمووزدا سەرپێچی پێڕەوی ناوخۆی حزبەكەی كردووە و واژووی ساختەیشی دروست كردووە".

سەركردەكەی یەكێتی دەڵێ، هەموومان حەپەساوین لەوەی یەكێتییەكەی مام جەلال بۆ بەم رۆژە گەیشت، گەورەترین بارەگامان بووەتە شوێنی كوشتنی بەرپرسانی خۆمان، بۆیە حەقە حكوومەتی هەرێم بیخاتە ژێر چاودێرییەوە یان داوا لە یەكێتی بكەن دایبخات.

عەقید هاوكار جاف ئەفسەری‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوو، لە دژەتیرۆری‌ یەكێتی‌ بەرپرسی دۆسیەی‌ نەینەوا بوو، لە دوای‌ هەشتی‌ تەمووز لە یەكێتی‌ دوور كەوتەوە و نەدەگەڕایەوە سەر كارەكەی‌، تا لە رۆژی‌ حەوتی‌ ئۆكتۆبەری‌ 2022، لە گەڕەكی‌ سەربەستی‌ هەولێر، بە بەرچاوی ژن و منداڵەكەیەوە تیرۆر كرا.

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان ڤیدیۆی ددانپێدانانی پلانی تیرۆرەكەی بڵاو كردەوە و دەركەوت تێكڕای بكەرانی كردەكە كارمەندی یەكێتین، لە نەخشەی تیرۆرەكەیش لەلایەن فەرماندەكەیان "وەهاب مەجید" دانراوە.

كەسێكی نزیكی چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، هۆكاری بەدەمەوەنەچوونی چەتۆ بۆ بانگهێشتكردنەكەی قوباد تاڵەبانی و دیداریان لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی هەولێر، ئەوەبوو كە زانیاریمان پێگەیشت كە 100% كە چووە ژوورەوە، ئیتر دەرەوە نابینێتەوە و دەیڕفێنن.

دووپاتیشی كردەوە، "گومان دەكەین دواتر بە زەلیلی دەیانكوشت، لە كاتێكدا چەتۆ ئەندامی سەركردایەتییە و حەوت برا و باوكی شەهیدن. 

لەبارەی هۆكاری ئەو گرژییە، كەسە نزیكەكەی بریكاری وەزیری ناوخۆ دەڵێ، تەنیا لەبەرئەوەی چەتۆ لە كۆمسیۆن حەقی گوتووە و نەیهێشت شكۆی حكوومەت بەدەست قوباد و بافڵ تاڵەبانییەوە بێت و هەركە ویستیان دەوام رابگرن، چونكە ئێمە خوێنمان بۆ كوردستان و حكوومەتێكی كوردی داوە، نەك بۆ میزاجی دوو برای گەنج".

ڤیدیۆی هەوڵی رفاندنەكە:



وشە - تایبه‌ت