ریچار هاس سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا(CFR) نووسیویه‌تی: به‌رده‌وام پێشبینیكردنی داهاتوو كارێكی ئه‌سته‌م بووه، به‌ڵام من له درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا به‌ته‌مام چه‌ند پێشبینییه‌ك له‌باره‌ی ساڵی 2023 بخه‌مه‌ڕوو.
له خاڵی یه‌كه‌مدا له‌باره‌ی شه‌ڕی ئۆكرایناوه قسه ده‌كه‌م. ئه‌م قه‌یرانه وه‌كوو بابه‌تی سه‌ره‌كی ساڵی 2023 ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له چاو ساڵی 2022 ئاسته‌كه‌ی كه‌متر ده‌بێته‌وه و له گرنگییه‌كه‌ی ده‌درێت. ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتن وه‌ك باڵاده‌ستی و سه‌پاندنی مه‌رجه سیاسی و خاكییه‌كانی لایه‌نێك به‌سه‌ر ئه‌و لاكه‌ی تردا پێناسه بكه‌ین، ئه‌وه‌ی راستی بێت رووسیا و ئۆكراینا هیچ كامیان توانای به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنێكی سه‌ربازی ته‌واویان نییه.
هیچ كامیان ئاماده نین ده‌ستبه‌رداری مه‌رجه‌كانیان ببن.
ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتنیش وه‌ك گه‌یشتن به رێككه‌وتن پێناسه بكه‌ین، به‌جۆرێك هه‌ردوولا ئاماده بن واژووی له‌سه‌ر دانێن و ره‌چاوی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش زۆر دوور دیاره. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاشتی له بنه‌ڕه‌تدا پێویستی به‌و سه‌ركردانه هه‌یه خوازیاری سازانن و توانای ئه‌م كاره‌شیان هه‌یه. به‌ڕوونی دیاره ئه‌م دوو فاكته‌ره (له‌به‌ر هۆكاری جیاواز) له هه‌ردوولای قه‌یرانه‌كه‌دا بوونیان نییه. هیچ كامیان ئاماده نین ده‌ستبه‌رداری مه‌رجه‌كانیان ببن.
خاڵی دووه‌م: ئه‌گه‌رچی زۆر له شاره‌زایانی بواری سیاسه‌ت و بڕیار باس له ئه‌گه‌ری روو له گه‌شه‌ی روودانی شه‌ڕ له‌سه‌ر تایوان ده‌كه‌ن، به‌ڵام روودانی شه‌ڕ له ساڵی 2023 له تایوان زۆر دووره. له ناوخۆی چین هه‌ندێ ئاڵوگۆڕ روویان داوه و پێویسته بخوێنرێنه‌وه. پاشه‌كشێی "شی جین پینگ" له‌باره‌ی سیاسه‌تی كۆڤید- ١٩ كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر سیستمی ته‌ندروستی چین داناوه. ئه‌مه‌ش پرسیاری زۆری له‌سه‌ر شایسته و كارابوونی حزبی كۆمۆنیست داناوه، هه‌روه‌ها ئه‌مه ره‌وتی لاوازبوونی ئابووری چینیشی زۆر خێراتر كردووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، چین به هیچ جۆرێك ئاماده نییه ده‌ستبه‌رداری ئامانجه‌كه‌ی خۆی ببێت بۆ ئه‌وه‌ی به زۆر ده‌ستبه‌سه‌ر تایواندا بگرێت. پێشبینی ده‌كرێ چین گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر تایوان زۆرتر بكات، به‌ڵام كرده‌وه‌ی هێرشبه‌رانه‌ی لانیكه‌م بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك دوا ده‌خات.
بابه‌تی سێیه‌م له ساڵی ٢٠٢٣ ده‌ركه‌وتنی ژاپۆنه وه‌ك ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی جیۆپۆلیتیكی. ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێت ئه‌م وڵاته بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ خۆی به دوور گرتووه له‌م هاوكێشانه، به‌ڵام جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه. گه‌شه‌ی ئابووری له سێیه‌مین ئابووری گه‌وره‌ی دنیادا گه‌یشتووه‌ته ٥,١% تێچووی به‌رگریی ئه‌م وڵاته‌ش به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت بگاته دوو هێنده‌ی جارانی و 2%
كۆی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆی بۆ ته‌رخان كراوه.
ژاپۆن ئێسته یه‌كێكه له به‌هێزترین هێزه سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه و بۆ له‌قاڵبدانی په‌كین و یان ئه‌گه‌ر پێویست بكات بۆ داكۆكیكردن له تایوان له به‌رانبه‌ر په‌لاماردانی چیندا، ده‌توانێ زیاتر له جاران خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هاوئاهه‌نگ بكات.
خاڵی چواره‌م: كۆریای باكور بێ ئه‌ملاولا حه‌وته‌مین تاقیكردنه‌وه‌ی ناڤۆكی خۆی ئه‌نجام داوه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای تاقیكردنه‌وه مووشه‌كییه زۆره‌كانی. نه كۆریای باشوور و نه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له‌م بواره‌دا ناتوانن پیۆنگ یانگ رابگرن. ئه‌گه‌رچی چین توانای ئه‌م كاره‌ی هه‌یه و ده‌توانێ له‌ڕێی تایبه‌ت به خۆیه‌وه ئه‌م كاره ئه‌نجام بدات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی نایه‌وێت ئه‌مه‌ریكا و كۆریای باشوور له‌م دۆخه سوودمه‌ند ببن، هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ناكات.
خاڵی پێنجه‌م بۆ پێوه‌ندی هه‌ردوو لای ئاتڵانتیك ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئێسته به‌هۆی خواستی هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رووسیا و یارمه‌تیدانی ئۆكرانیا به‌هێزتر بووه، به‌ڵام دوو مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كات. ئه‌وروپییه‌كان له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ پاڵپشتیكردن له پیشه‌سازیی ناوخۆیی ناڕازین، هه‌رچی ئه‌مه‌ریكاشه به به‌رده‌وام نیگه‌رانه له نزیكبوونه‌وه‌ی ئابووری نێوان وڵاتانی ئه‌وروپی و چین. هه‌روه‌ها ئه‌م پێوه‌ندییه له‌وانه‌یه تووشی ناكۆكیی تریش ببێت به‌تایبه‌ت له بواری رێژه‌ی پاڵپشتی سه‌ربازی و به‌رگری و ئابووری و دیپلۆماتی له ئۆكراینا.
خاڵی شه‌شه‌م ئابووری دنیایه، له‌وانه‌یه خاوتر له‌وه‌ی چاودێران پێشبینی بۆ ده‌كه‌ن گه‌شه بكات. سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو به‌گشتی پێشبینی گه‌شه‌ی ٧,٢%ی كردووه، به‌ڵام بابه‌تی گه‌شه‌ی ئابووری ده‌توانێ زۆر له‌مه‌ی ئێسته كه‌متر ببێته‌وه له‌به‌ر كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی كۆنترۆڵكردنی خراپی كۆڤید-١٩ له‌لایه‌ن چینه‌وه، هه‌روه‌ها رێوشوێنه‌كانی فیدراڵ رێزێرڤی ئه‌مه‌ریكاوه. به‌پێی راپۆرته‌كان فیدراڵ رێزێرڤی ئه‌مه‌ریكا سووره له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به زیاتركردنی رێژه‌ی سو‌و بۆ دابه‌زاندنی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ناسه‌قامگیری سیاسی له هه‌ندێ شوێنی ئه‌فریقا و ئه‌مه‌ریكای باشوور و رووداوی نه‌خوازراوی پێوه‌ست به كه‌شوهه‌وا و كێشه‌ی دابینكردنی وزه؛ له‌وانه‌یه كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابووری دنیا دابنێن.
خاڵی حه‌وته‌م: كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی تایبه‌ت به گۆڕانی كه‌شوهه‌وای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بڕیاره ئه‌مساڵ له دوبه‌ی به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵام ئاسۆ و داهاتووی ئه‌م كۆنفرانسه زۆر هیوابه‌خش نییه. بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه ئابوورییه كورتخایه‌نه‌كان، زۆر لایه‌ن ئاماده‌ن چاوپۆشی له تێبینییه مامناوه‌ند و درێژخایه‌نه‌كانی پێوه‌ست به كه‌شوهه‌وا بكه‌ن، ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش هیچ نابێ جگه له‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی زیاتر ده‌بێت.
خاڵی هه‌شته‌م: پێوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین دوابه‌دوای په‌ره‌دان به دروستكردنی شاره جووه‌كان و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئاسۆیه‌كی دیپلۆماتی بۆ دروستكردنی وڵاتیكی فه‌ڵه‌ستینی، رۆژ له دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت. له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێ چاره‌سه‌ری هه‌ردوو وڵات له‌لایه‌ن ئیسرائیلیشه‌وه په‌سند بكرێت، ئه‌مه ئێسته هیچ پێشوازییه‌كی لێ ناكرێت. له به‌رانبه‌ردا پێده‌چێت ئه‌و رێچاره‌سه‌ره كه پێداگره له‌سه‌ر تاك ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌ری روودانی زیاتر بێت و له راستی و واقیعیشه‌وه نزیكتره.
خاڵی نۆیه‌م ئه‌وه‌یه هیند توانیویه‌تی درێژه به رێچكه‌ی بێ لایه‌نیی خۆی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بدات، ئه‌وه‌یش له‌ڕێی كڕینی چه‌ك و جبه‌خانه و هه‌روه‌ها نه‌وتی رووسیاوه. ئه‌مه له كاتێكدایه هیند خوازیاری وه‌رگرتنی یارمه‌تی زیاتری رۆژئاوایه بۆ دژایه‌تیكردنی چین. له ناوخۆی هیندیشدا ئه‌و مه‌ترسییه گه‌شه‌ی كردووه، ئه‌م وڵاته به‌ره‌به‌ره له لیبراڵیزم و دیموكراسی دوورتر بكه‌وێته‌وه.
ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌و وڵاته به‌رده‌وام ده‌بێت
خاڵی كۆتاییش تایبه‌ته به ئێران. پێده‌چێت ئه‌م باسه باسی سه‌ره‌كی و زاڵی ساڵی 2023 بێت. ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌و وڵاته به‌رده‌وام ده‌بێت، له كاتێكدا دۆخی ئابووری به‌ره‌و داڕمان ده‌چێت و ئه‌گه‌ری دروستبوونی ناكۆكی له ناو سه‌ركرده‌كانی ئه‌و وڵاته‌شدا هه‌یه بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خۆپێشانده‌راندا. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێران یارمه‌تی سه‌ربازیی رووسیای داوه له شه‌ڕی ئۆكراینادا و هه‌روه‌ها له‌به‌ر خواستی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی رێ نه‌درێت رێی ده‌ربازبوونی ئابووری بۆ ئێران خۆش بكرێت، پێده‌چێت رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵی ٢٠١٥ نوێ نه‌كرێته‌وه.
سه‌ركردایه‌تیی ئێران له‌وانه‌یه به‌هیوای به‌ده‌ستهێنانی پێشكه‌وتنی زیاتر یان ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، درێژه به به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی بدات له بواری ئه‌تۆمیدا. ئه‌م رووداوه ده‌رفه‌تیشیان پێ ده‌دات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنی ده‌ره‌كی یه‌كڕیزی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر بكه‌ن. ئه‌گه‌ری تر ئه‌وه‌یه تۆكمه‌یی هێزه ته‌ناهییه‌كان له‌ق ببێت و ده‌رگای شه‌ڕی ناوخۆی بكرێته‌وه. به گشتی بۆ یه‌كه‌مجار پاش كه‌وتنی شای ئێران له ساڵی ١٩٧٩، گومانی گه‌وره كه‌وتووه‌ته سه‌ر مانه‌وه و داهاتووی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه.
نووسینی: ریچار هاس سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
Council on Foreign Relations (CFR)
وه‌رگێڕانی: ئارام وه‌ڵه‌دبه‌گی