چاودێرێكی سیاسی: ئەگەر ئەمە نەكرێت 100 دۆلار دەبێتە 500 هەزار دینار

:: PM:09:37:12/01/2023 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی كانوونی دووەمی 2023، لەیس شەبەر چاودێری سیاسیی عێراقیی زانیارییەكی لەبارەی  هۆكاری گرانبوونی نرخی دۆلار ئاشكرا كرد و رای گەیاند " بۆ یەكەمجارە ئاشكرا دەبێت" و پەیوەندی هەیە كە ئێران بڕێكی زۆر پارەی عێراقیی هەیە و لە رێگەیەوە دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق دەكڕێت. 

لەیس شەبەر لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنییدا رای گەیاند " زانیاریی تەواومان هەیە كە ئێران 50 ترلیۆن دیناری عێراقیی هەیە و  بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات لە رێگەی فرۆشتنی ئەو دینارانە لە بازاڕەكانی عێراق دۆلار بكڕێت و ئەم زانیارییەش بۆ یەكەمجارە ئاشكرا بێت. 

لەیس روونی كردەوە، ئەگەر بازاڕەكانی عێراق بەڕووی ئێراندا دانەخرێن و ئێران بەردەوامبێت لە كڕینی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق لە رێگەی ئەو بڕە زەبەلاحەی دیناری عێراقیی كە هەیەتی، 100 دۆلار نەك نرخەكەی دەبێتە 200 هەزار، بەڵكو بەرز دەبێتەوە بۆ 500 هەزاریش. 

ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەیشی راگەیاند، كە ئەو رێكارە ناوخۆییانەی عێراق گرتوویەتییە بەر بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بەس نین، بەڵكو عێراق دەبێت لە رووی نێودەوڵەتییەوە رێكاری پێویست بگرێتە بەر و رێگری لەم هەوڵانەی ئێران بكات بۆ كڕینی دۆلار بە هەموو شێوەیەك، چونكە ئەمە كەیسێكی گەورەیە و پێوەندی راستەوخۆی بە ژیانی هاونیشتمانیان و ئاسایشیی نەتەوەییەوە هەیە. 

50 ترلیۆن دیناری عێراقیی بە نزیكەیی یەكسانە بە 32 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، رۆژانە عێراق نزیك 100 ملیۆن دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق دەفرۆشێت، بەم شێوەیە ئەم پارەی لە دەستی ئێراندایە پێویستی بە نزیكەی ساڵێكە تا لە دەستی ئێران كۆتایی پێ بێت و دۆلار بكڕێت بەم پارە عێراقییەی هەیەتی. 

لە كۆتایی ساڵی رابردووەوە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو هەڵكشا، رۆژانە لە هەڵبەز و دابەزی بەردەوامە و بانكی ناوەندی عێراقیش چەندین رێكاری گرتووەتە بەر، بەڵام نەیتوانیوە نرخەكەی كۆنتڕۆڵ بكات و چاودێرانی سیاسی و ئابووریش پێیان وایە، رێكارەكانی بانكی ناوەندی كەمكاریگەر و نزیك مەودان و هۆكاری سەرەكیش لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئێرانە. 

پێشتر "وشە" لە راپۆرتێكدا كە سوودی لە پێگەی "تیجارە نیوز"ی ئێرانی بینیبوو ئاشكرای كرد كە هۆكاری پشت داڕمانی تمەنی ئێرانیش كەمبوونەوەی بڕ و قەبارەی دۆلارە لە بازاڕەكانی سلێمانی و هیراتی ئەفغانستان. 



وشە - تایبه‌ت