بلیمەتی بچووك.. لە تەمەنی سێ ساڵیدا بە حەوت زمان قسەی كردووە

:: PM:07:05:23/01/2023 ‌

منداڵێكی بەریتانی تەمەن سێ ساڵ توانی ئەندامیەتی لە كۆمەڵەی "مینسا"، بەدەست بێنێت، كە تەنیا كەسانی بەهرەمەند و بلیمەت دەبنە ئەندام تیایدا، ئەوەش بەهۆی كارە سەرسووڕهێنەرەكانی.

وەك رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی باسی كردووە، تیدی هۆبس، ئەو منداڵەیە لە تەمەنی سێ ساڵ و نۆ مانگیدا ئەندامیەتی لەو كۆمەڵە بەدەست هێناوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەتوانێت خوێندنەوە و ژماردن بە حەوت زمان ئەنجام بدات.  

ئەو بلیمەتە بچووكە دەتوانێت بە حەوت زمان تا ژمارە 100 بژمێرێت، كە شەشیان بۆ ئەو بیانین، لەوانە زمانەكانی ماندرین و ویڵزی و فڕەنسی و ئیسپانی و ئەڵمانی، ئەو منداڵە لە هەرێمی سۆمریست لە ئینگلتەڕا نیشتەجێیە، لە تەمەنی دوو ساڵ و چوار مانگیدا دەستی بە فێربوون كردووە و بیركاریشی زۆر لا خۆشەویستە.

ئەو منداڵە توانی لە تاقیكردنەوەی بوونە ئەندامی كۆمەڵەكە سەركەوێت، دوای بەدەستهێنانی 139 خاڵ لە كۆی 160 خاڵ، بەو دەستكەوتەش دایك و باوكی تووشی سەرسڕمان كرد، ئێستە تید لە تەمەنی چوار ساڵیدایە و توانای خوێندنەوەی كتێبی هاری پۆتەری هەیە، دایك و باوكی دەڵێن، زیرەكیی تیدی بۆ ئەوان كتوپڕ بوو و نیازیان نەبوو داوای ئەندامیەتی كۆمەڵەكە بۆ كوڕەكەیان بكەن.

بەوەش تیدی بووەتە بچووكترین بەریتانی لەو تەمەنەوە ببێتە ئەندامی كۆمەڵەكە، لەوكاتەی منداڵێكی ئەمەریكی هەیە لە تەمەنی دوو ساڵی بووەتە ئەندام، لەبارەی ئاكارەكانی تیدی دایك و باوكی دەڵێن، كەسایەتییەكی تەنیای هەیە و زۆر گرنگی بەو شتانە نادات كە هاوتەمەنەكانی خولیاین، وەك یاری ڤیدیۆ و تەلەڤزیۆن، بەجوانی گوێ دەگرێت و ئەوەشی پێی دەگوترێت بەوردی بیری دێتەوە، ئەگەر پێش ساڵێكیش بووبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل